رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى ئێران و سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پەیوەندییەکانى تەلەفۆنیدا دۆخى سووریا و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن. مەسعود پزیشکیان رایگەیاند: رووداوەکانى سووریا مەترسیى جیدین بۆ سەر ئاسایشى هەرێمى و پارێزگارى لە خاکى وڵاتان بە سووریاشەوە ستراتیژیى هەرێمیی ئێرانە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-12-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کرد.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو پەیوەندییەدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیى هەوڵەکان و هاوئاهەنگى کردووەتەوە لەنێوان سەرجەم وڵاتانى ناوچەکە بۆ راگرتنى جەنگ لە غەززە و رێگرى لەوەى پێشهاتەکانى دۆخى سووریا هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
لە 27ـى تشرینى دووەمى 2024ـەوە، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی هاوپەیمانی کە دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، دەستیان بە هێرش بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب کرد و زۆربەی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
ئاژانسى فەرمیی کۆمارى ئیسلامیى ئێران لەبارەى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئاماژەى بەوەداوە، سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە جەختى لەوە کردووەتەوە کە پارێزگارى لە خاکى وڵاتان بە سووریاشەوە ستراتیژى هەرێمیی وڵاتەکەیەتى.
مەسعود پزیشکیان گوتوویەتى: "دۆخى ناوچەکە بەرەو هێوربوونەوەیەکى رێژەیی دەچوو لەدواى راگرتنى شەڕ لە لوبنان و هەموو چاوەکان لەسەر غەززە بوون، بەڵام رووداوەکانى ئەم دواییەى سووریا مەترسیى جیدى لەسەر ئاسایشى هەرێمى دروست کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ