رووداو دیجیتاڵ
لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداودا، سەرکردەی وڵاتە عەرەبییەکان داوای ئاگربەستی دەستبەجێی غەززە و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیان کرد.
رۆژی یەکشەممە 01-12-2024، لە کوێت 45ـەم لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) بەڕێوەچوو. تێیدا سەرکردەکانی شەش وڵاتە عەرەبییەکە پرسی غەززەیان تاوتوێکرد.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە؛ مەنسور بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکی ئیمارات؛ شێخ میشعەل ئەحمەد ئەلسەباح، میری کوێت؛ سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، شازادەی جێنشینی بەحرەین و فەهد بن محەممەد ئال سەید، جێگری سەرۆکوەزیرانی عومان لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون.
میری کوێت داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، "دەستبەجێ ئاگربەستی غەززە جێبەجێ بکرێت، پارێزگاری لە سڤیلە بێتاوانەکان بکرێت و رێڕەوی سەلامەت بۆ گەیاندنی هاوکاری بکرێنەوە."
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە شەش ئەندامییەکە لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەنگژەی زۆردا تێدەپەڕێت، ئەمەش دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد و لوبنانیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
میری کوێت گوتیشی: "دووڕوویی لە جێبەجێکردنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەیە، کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
لە کۆبوونەوەکە، کوێت پشتگیریی خۆی بۆ ئەو پلانەی سعودیە دەربڕی، کە دەیەوێت گرووپێک لە وڵاتانی جیهان پێکبهێنێت بۆ "کارکردن بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین." سەرکردەکان هەروەها داوایان کرد "قودسی رۆژهەڵاتی وەکو پایتەختی فەلەستین دەستنیشان بکرێت."
جاسم محەممەد بودەیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنەکە لە راپۆرتی کۆتایی لووتکەکە گوتی: "کوێت داوا دەکات کوشتار و سزادانی بەکۆمەڵی سڤیلەکانی غەززە بوەستێت."
ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەلایەکی دیکە، پێشوازییان لە ئاگربەستەکەی هەفتەی پێشووی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد.
هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆ سەر یەکدی بە تایبەتی لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول چڕبوونەوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و دەربەدەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ