منداڵانی کەرتی غەززە لەدەرەوەی هۆڵەکان بەردەوامن لە خوێندن؛ 'دەمەوێت فێری ئینگلیزی ببم'

رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایان و قوتابییانی کەرتی غەززە بەهۆی رووخانی قوتابخانە و نەبوونی پۆلی وانەگوتنەوە لە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندن درێژە بە خوێندن دەدەن و بەشێک لە مامۆستایان وانەی خۆشەویستیی نیشتمان بە قوتابییەکانیان دەڵێنەوە. 
 
تارق عینابی، مامۆستایەکە لە کەرتەکە و دەڵێت، "هەوڵدەدەین هەمان ئاستی خوێندن بۆ قوتابییان دەستەبەر بکەین بۆ ئەوەی دوانەکەون. هەوڵدەدەین فێری ئینگلیزیان بکەین بۆ ئەوەی بتوانن دەنگی خۆیان بە جیهان بگەیێنن."
 
نزیکەی 38 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون کە زۆرینەیان مامۆستا بوون. 
هەروەها، یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی کەرتی غەززە قوتابخانە و نەخۆشخانەکان وەکو پەناگە بەکاردەهێنن. 
 
بە گوێرەی حکومەتی کەرتی غەززە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە زیان بە 266 قوتابخانە کەوتووە کە 67یان بەتەواوی خاپوور بوون. 
 
لایان، قوتابییەکە لە کەرتەکە و بۆردوومانەکان ئەو و هاوڕێکانی لە خوێندن سارد نەکردووەتەوە و دەڵێت، "وانەی ئینگلیزی دەخوێنم. کاتێک گەورە بووم دەمەوێت ببمە مامۆستای ئینگلیزی."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش جەنگ، 803 قوتابخانە لە کەرتی غەززە هەبوون، کە 625 هەزار قوتابی و 22 هەزار و 564 مامۆستایان لەخۆگرتبوو.
 
183 لەو قوتابخانانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانە بەڕێوەدەبردران کە نزیکەی 300 هەزار قوتابی تێیاندا دەخوێند.
 
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆی دوو ملیۆن و 400 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە، نزیکەی نیوەیان منداڵن.
 
95٪ـی ئەو منداڵانەشی تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ 12 ساڵانە دەچنە قوتابخانە. هەروەها، رێژەی خوێندەواری لە کەرتی غەززە نزیکەی 97.4٪ یە.