شاندی ئێران کۆنفرانسی کۆپ 28ـی بەجێهێشت

01-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بەجێهێشت. وەزیری وزەی ئێران و سەرۆکی شاندی ئێران دەڵێت، بەهۆی بەشداریکردنی ئیسرائیل لە کۆنفرانسەکەدا بووە.
 
ئەمرۆ هەینی 01-12-2023، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی ئەکبەر میحرابییان، وەزیری وزەی ئەو وڵاتە کە دوێنی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا گەیشتنە شاری دوبەیی ئیمارات، ئەمڕۆ شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە ئێران.
 
 عەلی ئەکبەر میحرابییان، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر بەشداری شاندی ئیسرائیل لە کۆنفرانسەکەدا، بڕیاریانداوە لە کۆنفرانسەکە بکشێنەوە.
 
عەلی ئەکبەر میحرابییان، گوتی، "وەها پێدەچوو بەهۆی شەڕی غەززە و ئەو کوشتارە گەورەیەی کە ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەرامبەر خەڵکی سڤیل و بێ تاوانی فەلەستین کردوویەتی، ئەو وڵاتە نەتوانێت بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکات، بەڵام زانیاری بڵاوکراوەتەوە کە سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە دەکات و لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبێت".
 
 میحرابییان گوتیشی، "شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداری سیاسی، لایەنگرانە و ناپەیوەندیدارانەی رژێمی ساختەی زایۆنیستی لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوادا، بە پێچەوانەی ئامانج و ستراتیژی ئەم کۆنفرانسە دەزانێت، بۆیە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی شوێنی کۆنفڕانسەکە جێدەهێڵێت".
 
وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بەنیاز بوو دەرفەتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکە و کۆبوونەوە و دانوستاندنی شاندەکەی لەگەڵ شاند و بەرپرسانی وڵاتانی بەشدار بقۆزێتەوە بۆ باسکردنی دۆخی فەلەستین و بەرگریکردن لە مافی خەڵکی فەلەستین، بەڵام بەهۆی بەشداریکردنی شاندێکی ئیسرائیل، شاندەکەی ئێران بەرنامەکانی هەڵوەشاندەوە.
 
زیاتر لە 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، کە رۆژی 30ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد و تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
 
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا یاخود کۆپ 28 یەکێکە لە رووداوە هەرە دیارەکانی ساڵ کە لە دوبەی بە بەشداریی سەرکردە و بڕیاربەدەستانی جیهان بەڕێوەدەچێت. مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکردنی چەند بڕیارێک و بەرەپێشبردنی چەند هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
 
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە31 ساڵی رابردوودا کراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە