ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتاییهات

01-12-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


بەیانیی ئەمڕۆ ئاگربەستی کاتیی غەززە کۆتایی هات و لە نوێترین هەنگاویدا سەبارەت بە قەیرانی ئیسرائیل و حەماس، کۆشکی سپی رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 1-12-2023، کاژێر 7:00ی بەیانی بە کاتی غەززە (8:00 بە کاتی هەولێر) دووەم درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کۆتایی هات و هەوڵەکانی ئەمریکا، قەتەر، میسر و دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ درێژکردنەوەی بۆ چەند رۆژێك یان لانیکەم یەک رۆژ، بەردەوامن.
 
لە رۆژی هەینیی رابردووەوە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی 4 رۆژ راگەێندرا، دواتر دووجار درێژکرایەوە جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش بۆ ماوەی 24 کاژێر. 
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا، 240 گیراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران. هەروەها لە یەکەم رۆژی ئاگربەستەکەوە، 750 بارهەڵگری هاوکاری گەیێندرانە نێو غەززەوە کە دەکاتە رۆژی نزیکەی 110 بارهەڵگر، ئەمەش لەکاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە رۆژانە پێویستە 200 بارهەڵگر بچێتە غەزەوە تاوەکو پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکەکە دابین بکرێن.
 
بەرگریی ئیسرائیل سوورە لەسەر "دەستپێکردنەوەی شەڕەکە و کۆتایی هێنان بە حەماس"؛ هاوکات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ئێستا لە ئیسرائیلە رایگەیاند: "ئەمریکا لەگەڵ ئاگربەستی گشتی و بەردەوامدا نییە بەڵکو تەنیا پشتگیری لە ئاگربەستی کاتی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بە غەززە-یە"
 
حەماس، ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بەوەی گەیاندنی سووتەمەنی بۆ باکووری غەززە بلۆک کردووە و ئەمەش هۆکاری درێژنەکردنەوەی ئاگربەستەکە بووە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل، دەڵێت حەماس ئامادە نییە بە هەمان مەرجی ئاگربەست، بارمتە پیاوەکان ئازاد بکات.
 
 
 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس 7ـی تشرینی یەکەم، هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و زیاتر لە 240 کەسیان بە بارمتە گرت. هەر لەو رۆژەدا، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. حەماس رایگەیاند، هێرشەکە لە وەڵامی کوشتن، گرتن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا و هەراسانکردنی موسڵمانان بووە لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس/ئۆرشەلیم. 

 

 

 

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە