رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئێران دەڵێت، ''دەستدرێژیتان کرد و وەڵام دەدرێنەوە''، گوتیشی، ''وڵامێک کە لە خەیاڵی کەسدا ناگونجێت.''
شەوی هەینی، 31-10-2024، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە کۆبوونەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامانی سوپاکە لە شاری شیرازی ئێران رایگەیاند، ''رژێمی زایۆنی گەیشتووەتە قۆناخی رووخان، بۆیە بەبێ گرنگیدان بە چوارچێوە و بنەماکان، دەست بۆ هەر تاوانێک دەبات.''
حوسێن سەلامی ئاماژەی بە هێرشەکەی 26ـی تشرینی یەکەمی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و گوتی: ''زایۆنییەکان پێیانوایە بە تەقاندنی چەند مووشەکێک دەتوانن مێژوو بگۆڕن؛ هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانیان لەبیر چووەتەوە کە مووشەکەکانمان ئاسمانی ئەوانی دڕی و سیستمە بەرگرییەکەیان نەیتوانی کاردانەوەی هەبێت و خەوی خەڵکەکەیان زڕا.''
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دەڵێت، ''دەستدرێژیتان کرد، بەڵام ئەوە بزانن کە وەڵامێکتان دەدەینەوە، لەگەڵ خەیاڵی کەسدا ناگونجێت.''
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 26ـی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا".
دوو رۆژ دوای هێرشەکەش، حوسێن سەلامی هۆشداری دا، "هێرشەکەی رژێمی زایۆنی دەرئەنجامی تاڵ و پێشبینینەکراوی دەبێت".
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیلدا، چوار ئەندامی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و، میدیاکانیش باسیان لە کوژرانی هاووڵاتییەکی سڤیل لە تاران کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ