ئێران و تورکیا داوای لووتکەیەکی هەرێمی دەکەن بۆ رێگری لە فراوانبوونی جەنگی غەززە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا داوایانکرد هەرچی زووە کۆنفرانسێکی هەرێمیی سازبکرێت، کە ئامانج لێی رێگریکردن بێت لە فراوانبوونی جەنگی غەززە و بڵاوبوونەوەی بە ناوچەکەدا. 
 
رۆژی چوارشەممە 01ی تشرینی دووەمی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلایهان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، رۆژێک پێشتر عەبدوڵلاهیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کۆبووەوە. 
 
لەگەڵ دەستپێکی گەڕی نوێی جەنگی غەززە، ئێران چەند جارێک هەڕەشەی کردووە ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ناوچەکە پشتگیریان دەکات، رەنگە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو جەنگە.  
 
هەروەها، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند ئەنقەرە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی جەنگەکە و راگەیاندنی ئاگربەست، گوتیشی "زۆر زەحمەت نییە ببینیت، شەڕەکە گەورەتر و فراوانتر بێت، ئەگەر چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرێتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "ئێمە نامانەوێت تراژیدیا مرۆییەکەی غەززە ببێتە جەنگێکی فراوان کە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەبێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند بۆ رێگریی لە فراوانبوونی ئەو جەنگە، پێویستە بەزووترین کات لووتکە یان کۆنفرانسێک بە میوانداریکردنی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانی ناوچەکە رێکبخرێت.
 
فیدان ئاشکراشی کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا، هاوتا ئێرانییەکەی، پێیڕاگەیاندوون "ئەگەرێکی زۆر هەیە، گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ناوچەکە بچنە نێو شەڕەکەوە، ئەگەر دۆخەکە نەگۆڕێت. بۆیە ئاگربەست و ئاشتی، بووەتە پرسێکی گرنگ." 
 
ئەم داوایەی تاران و ئەنقەرە بۆ رێگریی لە فراوانبوونی ئەو جەنگەی نزیکەی مانگێکە بەردەوامە، لەکاتێکدایە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا زیاتر لە 25 جار هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان لەو دوو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
 
لە هەمان کاتدا حوسییەکانی یەمەن، چەند جارێک بە مووشەکی بالیستی ناوچەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنانیش، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، چەکدارانی حیزبوڵڵا خاکی ئیسرائیلیان مووشەکباران کردووە و ئیسرائیلیش بە تۆپباران وەڵامی ئەو هێرشانەی حیزبوڵڵای داوەتەوە.  
 
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر جەنگەکە، بایکۆتی کاڵای ئیسرائیلی بکەن. 
 
لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، لە دوای هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون. ئەمە بێجگە لەوەی لانیکەم 240 دیل و بارمتەی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی بیانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماس لە نێو غەززە گیراون. لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئیسرائیل بۆردوومانی کەرتی غەززە دەکات و بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، تائێستا زیاتر لە هەشت هەزار و 700 فەلەستینی کوژراون.