ئیسرائیل هێشتا دوودڵە لە دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆسەر غەززە؛ حەماس دەڵێت، 'شکۆی ئیسرائیلمان تێکشکاندووە'

 
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشبینیی خۆی بۆ شەڕی نێو کەرتی غەززە بەو شێوەیە خستەڕوو کە گوتی، "شەڕ لەنێو کەرتی غەززە درێژخایەن و قورس دەبێت، بەڵام ئێمە ئامادەین، ئەمە شەڕی بەرگریکردنە لە نیشتمانمان، لە دەریا، ئاسمان و زەویدا شەڕ دەکەین."
 
زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تێپەڕیوە؛ دوو هەفتەیە ئیسرائیل باس لە هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە دەکات، بەڵام جگە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی بچووک، هێشتا هێرشە فراوانەکەی دەستپێنەکردووە. حەماس دەڵێت، شکۆی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە و ورەیان رووخاوە.
 
موسا محەممەد، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "بۆچی ئەو دواخستنە لە ئەنجامدانی هێرشی زەوینی؟ با ئیسرائیل بێت و رووبەڕووی چەکدارەکانی حەماس ببێتەوە. ئەوان دوودڵن و ناوێرن، ئێمە شکۆی ئیسرائیلمان تێکشکاندووە و ورەیەکیان نەماوە شەڕی پێ بکەن؛ ئێمە فیرقەی غەززەمان لەناوبرد، ئەو فیرقە ئیسرائیلییە شارەزای تەواوی لە کۆڵان و گەڕەکەکانی کەرتی غەززەدا هەبوو، ئێستا سوپایەکی یەدەگ چووەتە شوێنەکەی کە هیچ شارەزاییەکی لەبارەی غەززەوە نییە، بۆیە ئەوان شڵەژاون، ئەمڕۆ هێرش بکەن یان نەیکەن."
 
بەشێک لەو فیرقە ئیسرائیلییە کە ناوی "فیرقەی غەززە"یە و ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس باسی دەکات، لە رۆژی هێرشەکەی حەماس لە بنکەیەکی سەربازیدا بوو کە ناوی ریعیم-ه و کەمتر لە حەوت کیلۆمەتر لە سنووری غەززەوە دوورە.
 
لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسدا ژمارەیەک لە شارەزایانی سەربازیی ئیسرائیلی کوژران و بەشێكیشیان بە دیل گیران. هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن، گوایە حەماس لەو هێرشەدا سەتان بەڵگە و نەخشەی سەربازیی نهێنیی سوپای ئیسرائیلی دەستکەوتووە، لەنێویاندا پلانی هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە. گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماسیش دوو رۆژ دوای هێرشەکە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد.
 
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس گوتی، "بڕیارماندا سنوورێك بۆ ئەوە دابنێین لەم کاژێرە بەدواوە هەر بۆردوومانکردنێك بەبێ ئاگادارکردنەوە، بە کوشتنی بارمتەیەک وەڵام دەدرێتەوە، بزووتنەوەی حەماس بەوەی کە هەیەتی و ئەوەشی کە دەستی کەوتووە توانای بەرپەرچدانەوە و گۆڕینی هاوکێشەکانی هەیە."
 
هەڕەشەکانی بزووتنەوەی حەماس لەنێو دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل بە جیددی وەرگیران. ناکۆکی لەنێوان بەرپرسانی کابینەکەی نەتانیاهوو و دامەزراوەی سەربازیی وڵاتەکەی سەریهەڵدا. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێكیدا بە پشتبەستن بە حەوت بەرپرسی پلە بەرزی سەربازیی ئیسرائیل باس لەو دابەشبوونە دەکات و دەڵێت، "هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر سنووری غەززە کۆکراونەتەوە، بەڵام سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەنێو خۆیاندا ناکۆکن کە ئایا چۆن و کەی هێرشە زەوینییەکە بکەن، هەندێکیان تەنانەت پێیان باشە هێرشەکە نەکرێت."
 
لەگەڵ هەموو پلانێکی بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەوینی، ئیسرائیل ناچارە بە وردی حیساب بۆ تونێلەکانی بزووتنەوەی حەماس بکات.
 
تۆڕێكی فراوان لەژێر کەرتی غەززە، توانا چەکداری و لۆجستییەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ 10 هێندە زیاتر دەکات. بەرپرسێكی کەتیبەکانی قەسام دەڵێت، "ئێمە تونێلی تایبەت بە هێرشکردن و بەرگریکردنمان هەیە، تونێلەکانی هێرشکردن دەرفەتمان پێدەدەن بچینە نێو خاکی داگیرکراومان لە ئیسرائیل؛ تونێلەکانی بەرگریکردنیش بۆ خۆشاردنەوە لە فڕۆکە جەنگییەکانە."
 
لە دوو دەیەی رابردوودا بزووتنەوەی حەماس ژێر کەرتی غەززەی پڕ لە تونێل کردووە. دەگوترێت، درێژیی کۆی ئەو تونێلانە نزیکەی 500 کیلۆمەترە؛ زۆربەیان لە باکووری کەرتەکەن.
 
هەندێكیان بە قووڵیی 10 مەتر هەڵکەندراون؛ بەشێکی دیکەیان نزیکەی 20 تاوەکو 30 مەتر لەژێر زەوین. لەو تونێلانەوە بزووتنەوەی حەماس رێڕەوی بۆ نێو ئیسرائیل، نزیک لە کۆمەڵگە جوونشینەکان دروستکردووە.
 
تونێلەکان کۆگای چەک و گواستنەوەیان، شوێنی کۆبوونەوە و دەرکردنی بڕيار و گەیاندنی بە چەکدارانیشیان تێدایە.
 
دەگوترێت، سەرووی 30 هەزار چەکداری عیزەدین قەسامی بزووتنەوەی حەماس بە ماسکی دژە چەکی کیمیایی لەو تونێلانەدان و ئامادەی شەڕن.
 
بەڵام سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان؛ لەدوای زیاتر لە 20 رۆژ بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە، رووخاندنی سەتان بارەگا و ناوەندی بزووتنەوەی حەماس و ماڵ و باڵەخانەی سیڤیل؛ هەروەها کوژرانی سەرووی 8000 فەلەستینی، ئیسرائیل قۆناخێکی نوێی لە شەڕەکە راگەیاند.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "کۆتاییم بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە هێنا. دوێنێ شەو قۆناخێكی شەڕەکە کۆتاییهات و قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە."
 
قۆناخە نوێیەکە، هێرشە زەوینییە چاوەڕێکراوەکەیە. تائێستا ئیسرائیل، وەکو خۆی دەڵێت، بە تەواوەتی دەستی بەو هێرشە نەکردووە، بەڵکو تەنیا ژمارەیەک سەربازی لە باڵەخانە رووخێندراوەکانی باکووری غەززە جێگیرکردوون.
 
لە چەند شوێنێکی باکووری کەرتەکەش تانکەکانی چوونەتە نێو غەززەوە و باس لە کۆنترۆڵکردنی شەقامێکی سەرەکیی نێو غەززە دەکرێت. لەڕووی ئەندازیاریی سەربازی، ئەو جووڵەیەی سوپای ئیسرائیل بە هێرش هەژمار ناکرێت.
 
سام مێدنیک، شارەزای سیاسی دەڵێت، "پێ دەنێینە سێیەمین هەفتەی شەڕەکەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بە تەواوەتی دەستی بە هێرشە زەوینییەکەی نەکردووە. ئیسرائیل زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرشە زەوینییە دەکات، چونکە دەزانێت کە غەززە ناوچەیەکی ئاسان نییە، دیوێكی شاراوەی هەیە کە تونێلەکانی بزووتنەوەی حەماسن و ئیسرائیل لێیان نیگەرانە."
 
کارتی بارمتەکان دیوێکی دیکەی شەڕەکەیە، کە تاڕادەیەک دەستی سوپای ئیسرائیلی بەستووەتەوە. بەگوێرەی راپرسییەکی نێو ئیسرائیل، نزیکەی دوو هەفتە لەدوای هێرشەکەی حەماس 65%ی ئیسرائیلییەکان پشتگیرییان لە ئەنجامدانی هێرشی زەوینیی فراوان دەکرد؛ لە 35%یان لەدژی بوون. ئەو رێژەیە لە 27ی تشرینی یەکەم بۆ خوار 29% دابەزیوە، لە 49%ش دواخستنی هێرشەکەیان پێ باشترە، هەروەها لە 22%یان بڕیاریان نەداوە.
 
ناڤیت ساگی، هاووڵاتیی ئیسرائیل دەڵێت، "هەموو ئەو قەرەوێڵانە چۆڵن، هەموو ئەو خەڵکەی کە لێرە کۆبوونەتەوە پەرۆشی خۆشەویستەکانیانن و نازانن چییان بەسەردا دێت. دەبێت حکومەت هەموو کارێك بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بکات، هیچ شتێک بەهای لەو کارە زیاتر نییە، دەبێت ئێستا بیانگەڕێننەوە."
 
نەتانیاهوو لە هەموو گەشتە مەیدانییەکانی، بەڵێنی هەڵکردنی چرای سەوزی هێرشە زەوینییەکە دەدات، بەڵام پێدەچێت فەرمانی هەڵکردنی چراکە کاتی زۆری پێویست بێت، یان لەوانەشە هەرگیز هەڵنەکرێت و خۆر بەسەر ئەو بەشەی هێرشکردنە سەر بزووتنەوە حەماس ئاوا بێت.