سوپای ئیسرائیل: هاووڵاتیان دەتوانن لە پەناگەکان بچنە دەرەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هاووڵاتییان دەتوان پەناگەکان جێبهێڵن و بچنە دەرەوە.
 
کەمێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەی دەتوانن پەناگەکان جێبهێڵن و بچنە دەرەوە.
 
بەڵام سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتیان دەکات چاودێریی دۆخەکە بکەن و پابەندی ئەو رێنماییانە بن پێیان دەدرێت.
 
ئەوە راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، نزیکەی کاژێر 7:30ی ئەم ئێوارەیە سوپای ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بچنە پەناگەکان، ئەوەش دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت بە دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی ئێران.
 
هێرشە مووشەکییەکە نزیکەی کاژێر 7:30 دەستی پێکرد و سوپای ئیسرائیل گوتی، لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە. 
 
هەر لەو بارەیەوە نزیکەی کاژێر 8ی شەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە". 
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.