کۆشکی سپی: بایدن فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە مووشەکەکان بخەنە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە.
 
کەمێک لەمەوبەر کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە چاودێری پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکەن.
 
کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە هاوکاری هێزی بەرگریی ئیسرائیل بکەن و ئەو مووشەکانە بخەنە خوارەوە کە لە لایەن ئێرانەوە دەتەقێندرێن.
 
راگەێیندراوەکەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، ئەم ئێوارەیە نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە هێرشی کردوەتە سەر وڵاتەکەی.. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکات، سوپای وڵاتەکەی هەر کارێک دەکات کە پێویست بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل.
 
هەر لەو بارەیەوە نزیکەی کاژێر 8ی شەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە". 
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.