راگەیێندراوێک لە سوپای پاسدارانەوە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران دەڵێت، بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان."
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە."
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران نزیکەی کاژێر 7:30 دەستیپێکرد و سوپای ئیسرائیل گوتی، لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە.
وەکو سوپای پاسداران ئاماژەی پێداوە، هێرشەکە بەشێک بووە لە وەڵامی ئێران بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
رۆژی 27-09-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران، کوژران.