ئێران بە دەیان مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل

ئەوەی رووماڵی دەکەین: - ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل - ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی دەکات و نەتەنیاهوو دەڵێت: هەڵەیەکی گەورەتان کرد - هێرشەکە لە تۆڵەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنییەیە

02-10-2024

10:48

ئەم لایڤ بلۆگە دادەخرێت

 
تیمی رووداو دیجیتاڵ سوپاستان دەکات کە بە درێژایی رووماڵی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل خوێنەری ئەم لایڤ بلۆگە بوون و نوێترین کاردانەوە و زانیارییەکانمان بۆ خستنەڕوو. ئێستا ئەم لایڤ بلۆگە دادەخەین و لە ماڵپەڕی سەرەکیی رووداو لەگەڵمان بن

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

10:30

چەند گۆڕانکارییەک لە دۆخی ناوچەکە لە 24 کاژێری رابردوو

 
- کۆتاییەکانی شەوی دووشەممە ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی کرد بۆ سەر لوبنان و هێزەکانیان چوونە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو. 
 
- لە رۆژی سێشەممە، ئێران دەستی بە هێرشی مووشەکی کرد بۆ سەر ئیسرائیل، پێش هێرشەکان ئیسرائیل رایگەیاند کە زانیارییان پێگەیشتووە هێرش دەکات، بۆیە داوای لە هەموو ئیسرائیلییەکان کرد خۆیان بپارێزن.
 
- چەند خولەکێک پێش هێرشەکەی ئێران، دوو چەکدار لەسەر شەقامێکی تەلئەڤیڤ دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵک کرد و بەلایەنی کەمەوە حەوت کەسیان کوشت و چەند کەسێکی دیکەشیان بریندارکرد. پۆلیس رایگەیاند، دوو چەکدارەکەیان کوشتووە. 
 
- ناتەنیاهوو هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئێران دەکات و دەڵێت: هەڵەیەکی گەورەیان کرد و باجەکەی دەدەن. هەروەها بە درێژایی شەوی رابردوو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوام بوو.
زیاتر بخوێنەوە

00:41

نافتالی بێنێت: کاتی ئەوەیە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوببەین

نافتالی بێنێت: کاتی ئەوەیە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوببەین
 
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، ئەمە باشترین دەرفەتە کە لە 50 ساڵدا هەڵکەوتووە بۆ گۆڕینی رووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەڵێت: ئێران هەڵەیەکی کوشندەی کرد. 
 
بێنێت لە ئێکس نووسیویەتی: "پێویستە ئێستا دەستپێبکەین و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوببەین، هەروەها ناوەندی وزەکەی و بۆ ئەم رژێمە تیرۆریستە لە پەلوپۆ بخەین."

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

00:34

گەشتە ئاسمانییەکانى عێراق دەستیان پێکردەوە

 
وەزیرى گواستنەوەى عێراق دەڵێت، گەشتە ئاسمانییەکانى عێراق لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان دەستیان پێکردوەتەوە کە بەهۆى"گرژییە هەرێمییەکانەوە" وەستابوون.
 
 رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە راگەیاند کە بە گوتەى خۆی، بەهۆى "گرژییە هەرێمییەکانەوە" راگیرابوون .
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی وەزیرى گواستنەوەى عێراق دەڵێت، "دواى تێپەڕینى سەرجەم مەترسییەکان کە ئەگەر هەبوو کاریگەریىان لەسەر سەلامەتیى فڕۆکەوانیى سڤیلی عێراق هەبێت، وەزیرى گواستنەوە بڕیاریدا ئاسمانى عێراق بە ڕووى سەرجەم فڕۆکە سڤیلەکان بکرێتەوە کە بە ئاسمانى عێراقدا تێدەپەڕن یان دەچنە فڕۆکەخانەکانى عێراق و لێوەیان دەردەچن".
 
دەوروبەری کاژێر 20:00ی رۆژی سێشەممە یەکى تشرینى یەکەم، گەشتى فڕۆکەوانیى عێراق لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیرا، ئەوەش بەهۆى هێرشی مووشەکیى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، کۆمپانیاى گشتى بەڕێوەبردنى فرۆکەخانەکان و گەشتى ئاسمانى دەستیان بە کار کردووتەوە بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکەکان و کۆمپانیاى گشتى هێڵى ئاسمانیی عێراقیش دەستی کردووەتەوە بە گەشتەکانی و کاراکردنەوەى هێڵەکان، ئەوە جگە لە کردنەوەى ئاسمانى عێراق بە رووى گەشتى فڕۆکەکان.

 

زیاتر بخوێنەوە

00:02

بایدن: لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆداین لەبارەی وەڵامدانەوەی ئێران

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەوان، شکستیان هێناوە و کاریگەر نەبوون.
 
لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەکە کە ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکات، بایدن دەڵێت: "هیچ بەهەڵەدا مەچن، ئەمریکا بەتەواوی، بەتەواوی، بەتەواوی پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکات."
 
بایدن ئەوەشی گوت، گفتوگۆکەیان لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت چۆن ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە. تارانیش چاوەڕوان بێت ئەنجامەکەی ببینن.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

00:00

بەرپرسێکی ئوردنی: چالاکانە بەشداریمان لە خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران کرد

یەکێک لە مووشەکەکانی ئێران دوای کەوتنەخوارەوەی. وێنە: AFP
 
 
بەرپرسێکی ئوردنی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ئەمریکی گوتووە: چالاکانە بەشداریمان لە خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

23:43

پەیامێک لە نەتەنیاهووەوە بۆ ئێران

پەیامێک لە نەتەنیاهووەوە بۆ ئێران
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی رایدەگەیێنێت، "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەی دەدات."
 
لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "رژێمی ئێران لە سووربوونی ئێمە بۆ بەرگریلەخۆکردن و وەڵامدانەوەی دووژمنەکانمان تێنەگەیشتووە. سینواز و زەیف لەمە تێنەگەیشتن، نەسروڵڵا و موحسین لەوە تێنەگەیشتن، ئێستاش لەوانەیە ئەوانەی ئێران لەوە تێنەگەن. بەڵام تێدەگەن. ئێمە پابەندین بەو یاسایەی دامانناوە، ئەوەی هێرشبکاتە سەرمان، هێرش دەکەینەسەری." 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

23:38

زانیاری لە پێنتاگۆنەوە لەسەر هێرشەکەی ئێران

زانیاری لە پێنتاگۆنەوە لەسەر هێرشەکەی ئێران
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، قەبارەی هێرشەکەی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دوو هێندەی هێرشەکەی مانگی نیسانی ئەم ساڵ بوو لەڕووی بەکارهێنانی مووشەکی بالیستییەوە. 
 
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، دوو کەشتیی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە چەندین مووشەکیان بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئێران تەقاندووە.

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

23:26

لە سوێد تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کرا


تەقە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە سوێد کرا و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت، ستافەکەی سەلامەتن.
 
ئەم ئێوارەیە پۆلیسی سوێد چووە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم، دوای ئەوەی لە تەقەکردن لە باڵیۆزخانەکە ئاگادار کرایەوە.

 

درێژەی هەواڵەکە

زیاتر بخوێنەوە

21:41

پێش هێرشەکەی ئێران لە ئیسرائیل هێرشی چەکداری روویدا و 8 کەس کوژران

رووداو
رووداو دیجیتاڵ 
 
چەند خولەکێک پێش هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ هێرشێکی چەکداریی روویدا لە ئەنجامدا 8 کەس کوژراون، شەشیان کەسانی سڤیلن و دوو کەسەکەی دیکە ئەو کەسانە بوون کە هێرشە چەکدارییەکەیان ئەنجامداوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

21:34

وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل: هێرشی راستەوخۆ لێکەوتەی تووندی بۆ سەر ئێران دەبێت

ساتی هێرشەکە
رووداو دیجیتاڵ 

هەردوو وەزیرانی بەرگری ئەمریکا و ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کرد و هەردوولا تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی سێشەممەی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد.

رۆژی سێشەممە 01ی تشرینی یەکەمی 2024، پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی یۆئاڤ گاڵانت کرد. رایدەر رایگەیاند، هەردوو وەزیر هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لێکەوتەی تووندی بۆ سەر ئێران دەبێت و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات سوورن لەسەری ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بکەن لەبەرامبەر هەر هێرشێکی ئێران و گرووپەکانی نزیکیان. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە "وەزیری بەرگریی بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی راگەیاندووە لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵیانداوە، هێزەکانیان لە ناوچەکە توانایەکی تۆکمەی سەرباز زیاتریان هەبێت."
 
هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا روونیکردەوە، "لە پێگەیەکداین بەرگری لە هێزەکانمان و هاوبەشان و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە بکەین، لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی نزیک لە ئێران و سووریشین لەسەر رێگەگرتن لە هەر لایەک بۆ قۆستنەوەی ئەو گرژییانە یان فراوانکردنی ناکۆکییەکان بە ناوچەکەدا." 
 
هەر بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی گوتەبێژی پێنتاگۆن، هەردوو وەزیری باسیان لە لێکەوتە خراپەکانی  هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کردووە. 
 
کاژێر 07:30ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، سوپای پاسداران رایگەیاند، بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر خاکی ئیسرائیل، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

21:27

ئوردن سوپا دەخاتە ئامادەباشییەوە

رووداو
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئوردن دەڵێت، "هەموو یەکە سەربازییەکانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی خراونەتە "ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێک کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری شانشینی ئوردن دەکات".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، فەرماندەی گشتیی هێزەکانیان لە نزیکەوە چاودێریی دۆخیی ئەمنیی ناوچەکە دەکات و هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی سنوورەکانیان دەگرنەبەر
زیاتر بخوێنەوە

21:14

بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل 'فەلەستینییەک گیانی لەدەستدا'

رووداو
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیای ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوا بە پارچەی مووشەکە ئێرانییەکان فەلەستینییەک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بە سووکی بریندار بوون. 
 
زیاتر بخوێنەوە

21:14

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: بەشێک لە مووشەکەکانی ئێران ئاراستەی نێوەڕاست و باشوور کراون

دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ 

دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: بەشێک لەو مووشەکانەی ئێران ئاراستەی وڵاتەکەی کردوون، بۆ نێوەڕاست و باشووری وڵاتەکە بووە. 
 
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەشڵێت: "بەڕێکی توانیمان بەرپەرچیان بدەینەوە، هیچ زانیاریکیشمان لەبارەی زیان و بریندارەوە نییە."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:57

سوپای ئیسرائیل: هاووڵاتیان دەتوانن لە پەناگەکان بچنە دەرەوە

چەند هاووڵاتییەکی ئیسرائیل لە کاتی هێرشەکەدا لە دەرەوەی ماڵەکانیان دانیشتوون
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هاووڵاتییان دەتوان پەناگەکان جێبهێڵن و بچنە دەرەوە.

کەمێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هاووڵاتیان لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەی دەتوانن پەناگەکان جێبهێڵن و بچنە دەرەوە.
 
بەڵام سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتیان دەکات چاودێریی دۆخەکە بکەن و پابەندی ئەو رێنماییانە بن پێیان دەدرێت.
 
ئەوە راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، نزیکەی کاژێر 7:30ی ئەم ئێوارەیە سوپای ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بچنە پەناگەکان، ئەوەش دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی تایبەت بە دەستپێکردنی هێرشی مووشەکی ئێران.
 
هێرشە مووشەکییەکە نزیکەی کاژێر 7:30 دەستی پێکرد و سوپای ئیسرائیل گوتی، لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە. 
 
هەر لەو بارەیەوە نزیکەی کاژێر 8ی شەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە". 
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:48

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشەکە بە رێکوپێکی جێبەجێ کرا

مووشەکی ئێران لە ئاسمانی ئێران
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە: "هێرشەکە بە رێکوپێکی جێبەجێ کرا و وەڵامی ئێمە بوو بۆ کردەوە تیرۆریستییەکانی  رژێمی زایۆنی و ئەگەر وەڵامیان هەبێت، وەڵامی تووندتر وەردەگرنەوە."

نوێنەرایەتییەکە داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد دەست لە یارمەتیدانی ئیسرائیل هەڵبگرن.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

20:37

کۆشکی سپی: بایدن فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە مووشەکەکان بخەنە خوارەوە

کۆشکی سپی: بایدن فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە مووشەکەکان بخەنە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە.

کەمێک لەمەوبەر کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە چاودێری پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکەن.
 
کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە هاوکاری هێزی بەرگریی ئیسرائیل بکەن و ئەو مووشەکانە بخەنە خوارەوە کە لە لایەن ئێرانەوە دەتەقێندرێن.
 
راگەێیندراوەکەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، ئەم ئێوارەیە نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە هێرشی کردوەتە سەر وڵاتەکەی.. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکات، سوپای وڵاتەکەی هەر کارێک دەکات کە پێویست بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل.
 
هەر لەو بارەیەوە نزیکەی کاژێر 8ی شەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە". 
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران.
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە

20:31

کۆشکی سپی: سوپای ئەمریکا یارمەتیی ئیسرائیل بدات

رووداو دیجیتاڵ 

 

کۆشکی سپی رایگەیاند: جۆ بایدن فەرمانی کردووە سوپای ئەمریکا یارمەتیی ئیسرائیل بدات
زیاتر بخوێنەوە

20:24

لێدوانێک لە ئەمریکاوە لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

رووداو
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە لەبارەی هێرشی سەر هێز و بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

زیاتر بخوێنەوە

20:24

راگەیێندراوێک لە سوپای پاسدارانەوە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ئیسرائیل

وێنەی مووشەکی ئێران لەئاسمانی ئیسرائیل

 رووداو دیجیتاڵ


سوپای پاسداران دەڵێت، بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

00:50

ئێران بە دەیان مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل

مووشەکی ئێرانی
مووشەکی ئێرانی
رووداو دیجیتاڵ 

هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە. سوپای پاسدارانیش هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لە هەر کاردانەوەیەک کە دەکرێت بەرامبەر ئەم هێرشە مووشەکییە هەیبێت. 

ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "کەمێک لەمەوبەر، ئاراستەکردنی مووشەک لە ئێرانەوە بە ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەستی پێکرد". 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 250 مووشەکەوە بووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکات، سوپای وڵاتەکەی هەر کارێک دەکات کە پێویست بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل. 
 
هەر لەو بارەیەوە نزیکەی کاژێر 8ی شەو ، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەکە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر "رژێمی زایۆنی کاردانەوەی هەبێت لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەمان، رووبەڕووی هێرشی تووند دەبێتەوە". 
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران. 
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە