لە ئیسرائیل داوای مانگرتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گەورەترین رێکخراوی کرێکارانی ئیسرائیل بەناوی هستادرت رایگەیاند، پێویستە سبەی (دووشەممە) مانگرتنی سەرتاسەری بۆ پاڵپشتی لە بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بکەن. ئەمە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ شەش تەرمی بارمتەکان لە کەرتی غەززەوە گەڕێندرانەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 1ی ئەیلوولی 2024، ئەرنۆن بار دەیڤد، سەرۆکی سەندیکای هستاردت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پێویستە کۆتایی بە جێهێشتنی بەتەنیای بارمتەکان بهێندرێت. گەشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە تەنیا بە دەستوەردانی ئێمە دەتوانرێت ئەو کەسانی بەربپرس رابچڵەکێندرێن." دەشڵێت، "لە سبەی کاژێر 06:00ـی بەیانییەوە کارمەندانی ئابووریی ئیسرائیل لە مانگرتنێکی تەواوەتیدا دەبن." 
 
ئەو گوتانەی دەیڤد لەکاتێکدان بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوێنێ شەو سەربازەکانیان لە یەکێک لە تونێلەکانی کەرتی غەززە تەرمی شەش بارمتەیان دۆزیوەتەوە و ناسنامەیان ئاشکرا کردووە.
 
سەرۆکی سەندیکای هستاردت ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم دامەزراوە کە تێیدا مانگرتنی سەرتاسەری دەکرێت، فڕۆکەخانەی بێن گۆریۆنە. جەختی لەوەش کردەوە، "پێویستە بگەینە رێککەوتنێک و ئەوە گرنگترین شتە، ئەمەش بەهۆکاری سیاسییەوە بەرەوپێش ناچێت." 
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی بارمتە کوژراوەکان؛ گرووپی بارمتە و بێسەروشوێنبووەکان، گرووپێکن لەو خێزانانە پێکدێن، کە کەسێکیان لە 7ـی ئۆکتۆبەر بێسەروشوێن بووە یان بە بارمتە گیراوە، رایگەیاند: "پلانمان داناوە چەندین خۆپیشاندانی گەورە رێکبخەین."
 
هەر ئەمشەو لە ئەلئەڤیڤ خۆپێشاندەران رژانە سەر شەقامەکان و گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان خۆپێشاندەر و هێزە ئەمنییەکان. 
 
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، لە رۆژی 07-10-2023 بزووتنەوەی حەماس دوای هێرشەکە 251 کەسی بە بارمتەگرت و "103 بارمتە هێشتا لە غەززەن، تاوەکو ئێستا 33 بارمتە گیانیان لەدەستداوە."