سوپای ئیسرائیل تەرمی شەش بارمتەی لە غەززە دۆزییەوە؛ یەکێکیان ئەمریکییە بە ناوی هێرش

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە تەرمی شەش بارمتەیان لە توونێلێکی غەززە دۆزیوەتەوە و گەڕاندوویانەتەوە ئیسرائیل. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، یەکێکیان ئەمریکییە.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 01-09-2024) سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوێنێ شەو سەربازەکانیان لە یەکێک لە توونێلەکانی کەرتی غەززە، تەرمی شەش بارمتەیان دۆزیوەتەوە و ناسنامەیان ئاشکرا کردوون.
 
دواتر جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی پشتڕاستی دەکەنەوە یەکێک لە بارمتەکان ناوی هێرش گۆڵدبێرگ-پۆڵنە و ئەمریکییە.
 
هەر ئەمڕۆ، دایک و باوکی هێرش پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند "بە دڵی شکاوەوە، خێزانی گۆڵدبێرگ-پۆڵن پەرێشانە بە راگەیاندنی گیانلەدەستدانی کوڕی ئازیزمان، هێرش."
 
رۆژی 24-04-2024 بزووتنەوەی حەماس ڤیدیۆی هێرشی تەمەن 24 ساڵی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە عیبری قسەی دەکرد
 
هێرش لە ڤیدیۆکەدا دەستی خۆی پیشاندا کە پەڕیبوو و گوتی "رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ کات بەسەربردن چوومە دەرەوە، بەڵام خۆم لەنێو ئەو برینانە بینییەوە. بنیامین نەتەنیاهوو و حکومەتەکەی، دەبێت ئێوە شەرمتان بەخۆتان بێت، چونکە ئێوە ئەو رۆژە ئێمە و هەزاران هاووڵاتیی دیکەتان پشتگوێخست."
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی بارمتە کوژراوەکان؛ گرووپی بارمتە و بێسەروشوێنبووەکان، کە گرووپێکن لەو خێزانانە پێکدێن کە کەسێکیان لە 7ـی ئۆکتۆبەر بێسەروشوێن بووە یان بە بارمتە گیراوە، رایگەیاند "پلانمان داناوە چەندین خۆپیشاندانی گەورە رێکبخەین."
 
ئەو گرووپە دەشڵێ "نەتەنیاهوو وازی لە بارمتەکان هێنا، ئەمە راستییەکە. داوا لە هەموو کەسێک دەکەین خۆیان بۆ خۆپیشاندان ئامادە بکەن."
 
رۆژی سێشەممە، 27ـی ئابی 2024، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرحان قازی، تەمەن 52 ساڵی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە باشووری کەرتی غەززە ئازاد کردووە. فەرحان خەڵکی شاری رەهتە لە باشووری ئیسرائیل و رۆژی هێرشەکەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە لە کارگەیەک پاسەوان بوو.
 
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، لە رۆژی 07-10-2023 بزووتنەوەی حەماس دوای هێرشەکە 251 کەسی بە بارمتەگرت و "103 بارمتە هێشتا لە غەززەن، تاوەکو ئێستا 33 بارمتە گیانیان لەدەستداوە."