دەزگای دادی ئێران: لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژی دزیکردن 400٪ زیادیکردووە

01-09-2022
دەزگای دادی ئێران: لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژی دزیکردن 400٪ زیادیکردووە
دەزگای دادی ئێران: لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژی دزیکردن 400٪ زیادیکردووە
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەماوەی پێنج ساڵدا رێژەی هەڵاوسان و دزیکردن لە ئێران چوار هێندە زیادیکردووە. بارهەڵگرێک کە ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی کردووە تاوەکو بارێکی دەستبکەوێت و بیگوازێتەوە، بەڵام لەڕێگەی کرماشان بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، بەشێک لە بارەکەیان لێ دزیوە.
 
خاوەن بارهەڵگرەکە دەڵێت: "بەم هەموو کێشە ئابوورییەی لە وڵاتەکەماندا هەیە، کەمێک نیسکم لە ئیسفەهانەوە بار کرد و ویستم لەڕێگەی کرماشانەوە بیگەیێنمە روانسەر. کەچی بەداخەوە کە سەیرم کرد، لەکاتی رۆیشتندا دز خێوەتەکەمی بەمشێوەیە دڕاندووە. بەداخەوە زیاتر لە 24 فەردە نیسکی لێ دزیوم و بەخۆمم نەزانیوە. سەیرەکەی ئەوەیە لەم چەند رۆژەدا ژمارەیەکی زۆری هاوکارانم کە بارهەڵگریان پێیە، بەمشێوەیە دزییان لێکراوە".
 
لەم ڤیتییەدا چەند دیمەنێکی دیکەی دزیکردن بە زەبری چەک دەبینن کە بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە. دوایین راپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران و دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتە باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دزی لە ئێران دەکات و دەڵێت، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا رێژی دزیکردن 400٪ زیادیکردووە. 
 
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی دادوەری، ژمارەی دزیکردن لەو وڵاتە لە ساڵی 2016ـەوە کە 343 هەزار دۆسیە بووە، بۆ یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆسیە بەرزبووەتەوە. رێژەی هەڵاوسانیش بەراورد بە هەمان ساڵ، 4.4 هێندە بەرزبووەتەوە.
 
کەسێک کە بەتۆمەتی دزیکردن لە تاران دەستگیرکراوە، باس لەوە دەکات: "تاوانباری سەرەکی دەوڵەمەندەکانن. دەوڵەمەندەکان کەلوپەلی گران لەنێو ماڵەکانیان هەڵدەگرن بەو هیوایەی گران ببێت و دوایی بیفرۆشنەوە. دزەکانیش دەچن بۆ دزی، ئەگەر شتێکی تێدا نەبێت، هیچ نادزن و دەچن کرێکاری دەکەن، بەڵام کە دەچن دەبینن دەوڵەمەندەکان زێڕ و دۆلاریان هەڵگرتووە، دزی دەکەن".
 
ئەم دیاردەیە لە هەندێک لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە کە رێژەی بێکاریی گەنجان و رێژەی هەڵاوسانی لە ئاستی ئێران زیاترە. 
 
یەکێک لەوانە پارێزگای کرماشانە. پۆلیسی کرماشان دەڵێت؛ تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا لەو پارێزگایە 38 دز لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، سەحنە، روانسەر و ئیسلاماوا دەستبەسەرکراون کە 75 جار دزییان کردووە و بەشێکیان بە زەبری هێز بووە. دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت؛ بە تووندترین شێوە رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە بەو شێوەیە دزی دەکەن.
 
غوڵامحوسێن موحسنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران گوتی: "ئەم رەوتی دزیکردن و شێواندنی ئاسایشی گشتییەی کۆمەڵگە بە تایبەت دزیکردنی چەکدارانە، کە بەمدواییانە زیادیکردووە، داوا لە پۆلیس و پسپۆڕانی داواکاری گشتی دەکەم، بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە بکەن بۆ ئەوەی زووتر بیانناسن و سزا بدرێن، کە چیدیکە ئەم دیاردەیە پەرە نەستێنێت."
 
ئامارە فەرمییەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران باس لەوە دەکەن، لە 15 ساڵی رابردووشدا رێژەی دزیکردن لەو وڵاتە 10 هێندە زیادیکردووە و 50٪ـی ئەوانەی گیراون، دووەم جار یان چەندەم جاریان بووە دزییان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە