ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان یەکدی بۆردوومان و تۆپباران دەکەن

رووداو - هەولێر

دیار کوردە و رێکار عەزیز

ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان روویدا.

حیزبوڵڵا رایگەیاند، تونێلێکی سوپای ئیسرائیلیان موشەکباران کردووە، ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشاندووە و دوو سەربازیشیان کوشتوون. بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە هیچ کەسێکی ئیسرائیلی زیانی پێگەیشتبێت یان کوژرابێت.

ناتەنیاهۆ: فەرمانم بە سوپا کردووە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبن

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەبارەی بە گرژییەکانیان لەگەڵ لوبنان، لەگەڵ سوپاسالار و ژەنەڕاڵە سەربازییەکان کۆبووەتەوە و فەرمانی پێکردوون بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبن.

بنیامین ناتەنیاهۆ رشایگەیاند، بەچەند مووشەکێک لە لوبنانەوە هێرشیان کراوەتەسەر و ئەوانیش لەڕێگەی ئاسمان و زەمینەوە وەڵامی مووشەکەکانیان داوەتەوە. گوتیشی "هیچ زیانێکمان بەرنەکەتووە، کەس بریندارنەبووە و هیچ کەس یەک شوختیشی بەرنەکەوتووە".

ئیسرائیل هەر لەزووەوە ئامادەکاری بۆ ئەگەری پێکدادانێکی نوێ کردبوو؛ سوپای ئیسرائیل ئەو ناوچانەی باشووری لوبنانی تۆپبارانکرد کە لێیەوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، 30 مووشەکیان ئاراستەی پێگەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی کردوون.

پێکدادانەکە دوای ئەوە هات، رۆژی شەممە ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان گوتی، کاردانەوەیان لە بەرامبەر هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی سوپای ئیسرائیل دەبێت. 

حەسەن نەسروڵڵا گوتی "پێویستە ئیسرائیل باجی کارە دوژمنکارانەکەی بدات. دەبێت کاردانەوە هەبێت و ئەمە روون و ئاشکرایە. هەموو هەڕەشەکان رێگە لە کاردانەوەی هێزی بەرگری ناگرن".

دوای شەڕەکە، سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە ئەمریکا و فەرەنسا کرد دەستوەردان بکەن و دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.

نووسینگەی سەعد حەریری بڵاویکردەوە "سەرۆکوەزیران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و راوێژکاری سیاسی سەرۆکی فەرەنسا قسەیکردووە و داوای لێکردوون دەستوەردان بکەن".

ئەندریا تێنێتی، گوتەبێژی هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە لوبنان رایگەیاند "یونیفیل چاودێری رەوشەکە دەکات و داوای ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن دەکات". 

دوایین شەڕی گەورەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ساڵی 2006دا بوو کە ماوەی 34 رۆژ بەردەوامبوو.