رووداو دیجیتاڵ
60 مووشەک ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کران و سوپای وڵاتەکەش رایدەگەیێنێت، 15 مووشەکیان لە ئاسمان خستوونەتەوە خوارەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "60 مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی شاری جەلیل کران."
رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، "15 مووشەک لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە."
بەشێک لە میدیای ئیسرائیلی بڵاویان کردەوە، مووشەکەکان زیاتر بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی شاری جەلیل دا تەقێندراون. داوا لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە کراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە. ئاماژە بەوەش دەکەن، حیزبوڵڵای لوبنان هێرشەکەی کردووە.
ئەم هێرشە 48 کاژێر دوای کوژرانی (فوئاد شوکر) هات کە لە بۆردوومانێکی سەر بەیرووت دا کوژرا.
چەند خولەکیک پێش ئەو هێرشە، عەبدولمالیک حووسی، سەرکردەی باڵای حووسییەکانی یەمەن لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "پێویستە وەڵامێکی سەربازیمان بۆ ئەم جۆرە تاوانە هەبێت کە زۆر بێشەرمانە و مەترسیدارە و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان کە لەلایەن ئیسرائیلی دووژمنەوە کراوە."
کاریگەریی گرژییەکان لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان
کۆمپانیای لوفتاهنزای ئەڵمانی رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گەشتەکانیان تاوەکو رۆژی 8ی ئەم مانگە بۆ تەلئەڤیڤ و تاوەکو 12ی ئەم مانگە بۆ بەیرووت راگرت.
گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەوە، گرووپی لوفتانزا خزمەتگوزارییەکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگرت."
کۆمپانیای فڕۆکەوانی و گواستنەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گەشتەکانیان لە و بۆ تەلئەڤیڤ راگرت.
راگرتنی ئەو گەشتانە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 وڵات هاووڵاتییانیان لە گەشتکردن بۆ لوبنان ئاگادارکردووەتەوە و بەشێکیشیان داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
'لەنێوانمان دا تەنیا شەو و رۆژ و گۆڕەپان هەیە'
رۆژی 27ی تەممووز، لە هێرشێکی مووشەکی دا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل دایە، 10 کەس کوژران و 34ـی دیکە برینداربوون. ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەی کرد، ئەو گرووپەش رەتیکردەوە هێرشەکەی کردبێت.
لە رۆژی 30ی تەممووزدا، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووتی کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران کە یەکێکیان فوئاد شکور، فەرماندەی حیزبوڵـڵا بوو. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکانی کردەوە.
دوای کوژرانی فوئاد شکور، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی ئابی 2024، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "ئەمڕۆ نامەوێ گوتار بدەم و وشەکان ریز بکەم. تەنیا ئەو رستەیە دەڵێم؛ بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. دووپاتی دەکەمەوە، بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. هیچ قسەیەکی دیکە هەڵناگرێت و مشتومڕی ناوێت. لەنێوانماندا تەنیا شەو و رۆژ و گۆڕەپان هەیە."
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە تاران هەنییە و پاسەوانەکەی کوژران، لەکاتێکدا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران چووبوونە ئەو وڵاتە. حەماس و ئێران، ئیسرائیلیان بە کوشتنی تۆمەتبارکرد و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەلئەڤیڤ هیچی لەبارەوە نەگوتووە.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە و فەرمانی لەنێو کۆبوونەوەکە، فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەمی2023وە شەڕ و گرژیی نێوان ئیسرائیل و حیزبووڵا زیادیان کردووە. تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە 350یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. حیزبوڵڵاش 42 کەسی لە ئیسرائیل کوشتووە کە 18 یان سەرباز بوون.