تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل خۆیان بۆ ئەگەری جەنگ ئامادە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

لە قوتابخانەیەکی ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی ئەفێک لە باکووری وڵاتەکە کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنانەوە دوورە، تیمە فریاگوزارییەکان و بەشێک لە هاووڵاتییان خۆیان بۆ ئەگەری جەنگ ئامادە دەکەن. 
 
گای کەسپی، ئەندامی یەکەی ماگن دەیڤد ئادۆمی فریاگوزارییە، دەڵێت: "راهێنان لەسەر ئەگەری بەرکەوتنی مووشەکێک بە قوتابخەنەیەک دەکەین کە بەهۆیەوە ژمارەیەک گەنج بریندار بوون. یەکەی ماگن دەیڤد ئادۆم لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەی فریاگوزاری بەهانای بریندارانەوە دەچین، چارەسەری سەرەتایییان بۆ دەکەین و دەیانگوازینەوە  نەخۆشخانەکان." 
 
رۆژی 27ی تەممووز، لە هێرشێکی مووشەکی دا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە، لانیکەم 12 کەس کوژران و 34ـی دیکە برینداربوون.
 
ئیسرائیل ئەو گرووپەی بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەی کرد، حیزبوڵڵاش رەتیکردەوە هێرشەکەی کردبێت.
 
دواتر و لە رۆژی 30ی تەممووزدا، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووتی کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان فوئاد شکور، فەرماندەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بوو. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکانی بەرزاییەکانی گۆلانیان کردەوە. 
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان، "ئەمڕۆ نامەوێ گوتار بدەم و وشەکان ریز بکەم. تەنیا ئەو رستەیە دەڵێم؛ بۆ دووژمن و ئەوانەی لە پشت دووژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. دووپاتی دەکەمەوە، بۆ دووژمن و ئەوانەی لە پشت دووژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. هیچ قسەیەکی دیکە هەڵناگرێت و مشتومڕی ناوێت. لەنێوانماندا تەنیا شەو و رۆژ و گۆڕەپان هەیە."
 
زیادبوونی مەترسیی فراوانبوونی جەنگی حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ژمارەیەک وڵاتی ناچار بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێک کردووە. تاوەکو ئێستا، لانیکەم 13 وڵات هاووڵاتییانیان لە گەشت کردن بۆ لوبنان و جێهێشتنی وڵاتەکە ئاگادار کردووەتەوە. 
 
ئوسترالیا یەکێکە لەو وڵاتانە، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رایگەیاند، "لەم ساتەدا گەشت بۆ لوبنان مەکەن. راگەیێندراوێکی روونمان هەیە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوانەی لەو ناوچانەن، پێویستە بگەڕێنەوە." 
 
تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر باشووری لوبنان، زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە زیاتر لە 350یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون کە 18 یان سەرباز بوون.