رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سوپای ئیسرائیل دەڵێ لەو باڵەخانەیەی بەیرووتی داوە و ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج کە بووە هۆی کوژرانی منداڵان لە بەرزاییەکانی گۆلان، وێنە: ANWAR AMRO / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەندروستیی بەرگریی شارستانیی لوبنان دوایین ئاماری هێرشەکەی رۆژی 30ـی تەمموزی بەیرووتی بڵاوکردەوە، دەڵێ حەوت کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێک لە کوژراوەکانیش راوێژکارێکی سەربازیی ئێرانییە.
دەستەی تەندروستیی بەرگریی شارستانیی لوبنان، دوای رۆژێک لە پشکنین و بەدواداگەڕان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانکراوەکەی بەیرووت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر، شەوی چوارشەممە (31ـی تەمموز) رایگەیاند، "دوایین ئامارەکان ئەوەیە؛ حەوت کەس بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستدا و 78 کەسی دیکەش بریندار بوون."
ئەوە لەکاتێکدایە، بەشێک لە میدیاکانی ئێران هەواڵی کوژرانی میلاد بیدیـیان یەکێک لە راوێژکارەکانی سوپای پاسداران لە هێرشەکەی سەر بەیرووت پشتڕاستکردەوە.
رۆژی سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "هێزی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فەرماندەیەک لە بەیرووت کە بەرپرسی کوشتنی منداڵانی مەجدەل شەمس بووە لە بەرزاییەکانی گۆلان و بەرپرسیش بوو لە کوژرانی چەندین هاووڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی."
رۆژی شەممە، 27-07-2024 مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی "درووزنشین" لەنزیک یاریگەیەکی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی گۆلان کەوتەخوارەوە و، بەهۆیەوە 12 کەس کوژران.
دواتر شەوی چوارشەممە، 31ـی تەمموز، حیزبوڵڵای لوبنان کوژرانی ئەو سەرکردەیەی بە "گەورە" ناوی برد پشتڕاستکردەوە، کە ئەویش فوئاد شوکر بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ