لە شەڕی نێوان فەڵەستینییەکان لە لوبنان 11 کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

شەڕی نێوان گرووپی شەباب موسلیم لەگەڵ چەکدارانی بزوتنەوەی فەتحی فەڵەستینی لە کەمپی عەین حلوە، گەورەترین کەمپی پەنابەرانی فەڵەستینی لە شاری سەیدای لوبنان، لانیکەم 11 کەس کوژران. 
 
گرووپی "شباب المسلم" گرووپێکی چەکداری نزیک لە حەماس و جیهادی فەڵەستینین. شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکردووە، ئەندامێکی بزوتنەوەی فەتح هەوڵی کوشتنی ئەندامێکی ئەو گرووپەی داوە. بۆیە ئەوانیش ژەنەراڵێکی ئەو بزوتنەوەیە و سێ چەکداری دیکەیان کوشتوون. 
 
فواد عوسمان، لە بەرەی رزگاریخوازی فەڵەستین دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکەمان کەمپەکەیان جێهێشتووە؛ لە ترسی گیانی خێزانەکانیان بەهۆی پێکدادان و دۆخەکەوە. ئەم خەڵکانە ئێستا لەسەر شەقامەکانی سەیدان. مانەوەی خێزان و خەڵکەکەمان لەسەر ئەم شەقامانە خراپە، دەبێت هەوڵی ئاگربەست بدرێت تاوەکو ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە."
 

لە سێ رۆژی شەڕەکەدا 11 کەس کوژراون کە دووانیان منداڵن؛ دوو هەزار هاووڵاتیش لە شاری سەیدا ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
 
هەرچەندە ئاگربەست لە رۆژی دووەمدا راگەیێنرا، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان پابەند نەبوون.
 
سیهام فەراغ، هاووڵاتییەکە و دەڵێت، "هەموو شەو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو. نەدەخەوتین. ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو نەخۆشەکاندا بوو. دوکەڵ بە ئاسماندا بڵاوببووەوە. ئێستا دەچینەوە ماڵەوە و بەهیواین بتوانین بچین و ئەمیش لە وەرگرتنی چارەسەرەکەی بەردەوامبێت."
 
54 هەزار فەڵەستینی لە کەمپی عەین حلوەی لوبنان دەژین؛ جگە لەم کەمپەش، 11 کەمپی دیکەی پەنابەرانی فەڵەستینی هەن کە بە تێکڕا 450 هەزار فەڵەستینییان تێدایە. لە نێویشیاندا گرووپی چەکداری جۆراوجۆری فەڵەستینی هەن، کە هەندێکیان دژ بەیەکن و جارووبار پێکدادان لەنێوانیاندا دروستدەبێت.