حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی مرۆیی رێككەوتن

01-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن غەزە
A+ A-

رووداو- هەولێر

بزووتنەوەی  حەماس و  حكومەتی ئیسرائیل رێككەوتن لەسەر 72 كاژێر ئاگربەستی مرۆیی،  ئاگربەستەكە لە كاژێر هەشتی ئەمڕۆ هەینی 1/8/2014ـەوە دەستیپێكرد و ماوەی  سێ رۆژ  دەخایەنێت، هاوكات لەو ماوەیەدا شاندی هەردوولا بەرەو قاهیرە بەڕێدەكەون بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنێك كە كۆتایی بە پێكدادانەكان بهێنێت.

سامی ئەبو زوهرە، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند كە  بزووتنەوەكەیان  رازیبووە لەسەر  رایگەیاندنی ئاگربەست. ئەبو زوهرە گوتی : "لەگەڵ هەموو  گرووپە فەلەستینییەكان رازیبووین لەسەر  قبووڵكردنی ئاگربەستی مرۆیی". لەبەرامبەریشدا  ئۆفیسی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل پابەندبوونی وڵاتەكەی بە  ئاگربەستەكە راگەیاند.   

جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەسەردانێك لە نیودەلهی پایتەختی هیندستانە، رایگەیاند ئەمریكا شاندێك رەوانەی قاهیرە دەكات تاوەكو ئامادەی دانوستاندنەكان بێت.
 
 كێری راشیگەیاند كە ئاگربەستی مرۆیی  رێگا  بە هاووڵاتیانی مەدەنی دەدات بتوانن پێداویستییەكانی خۆیان لەو ماوەیەدا دابینبكەن.
 
 نەتەوە  یەكگرتووەكانیش لەسەر زاری ستیڤان دیوریج، گوتەبێژی بان كی مون، سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان داوای لە لایەنەكان كرد كە دان بەخۆیاندابگرن.
 
ستیڤان گوتی : "لەو ماوەیەدا هەموو هێزەكان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، داوا لە هەمووان دەكەم كە بە تەواوەتی پابەندبن بە ئاگربەستەوە، لەو ماوەیەدا خەڵكی مەدەنی غەزە دەتوانن پێداویستییە مرۆییەكان دابینبكەن، هەلێك دەبێت تاوەكو  هەندێك ئەرك  جێبەجێبكەن و  كوژراوەكان بنێژن و چارەسەری بریندارەكان بكەن".

لە واشنتن كۆشكی سپی لە راگەیەندراوێكدا داوای لە لایەنەكان كرد كە دان بەخۆیاندا بگرن. لە رگەیاندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە ئەمریكا لەو باوەڕەدایە كە ئاگر بەستی هەمیشەیی چارەسەری كێشە ئەمنییەكان دەكات.

بە پێی ئاژانسەكانی جیهان، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل چەند كاژێرێك بەر لە راگەیاندنی ئاگربەستەكە كوژرانی پێنج سەربازی دیكەی راگەیاندووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە