لەسەر نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە ساڵی 1990 لە کوێت، سکاڵا لەسەر حکومەتی بەریتانیا تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
367 کەس سکاڵا لەسەر لەسەر حکومەتی بەریتانیا و هێڵی ئاسمانیی بەریتانی تۆمار دەکەن. دەڵێن، لە ساڵی 1990 لە کاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە، لە فڕۆکەیەکدا بوون و لە کوێت نیشتوونەتەوە، لەوێ بە بارمتە گیراون و ئازار دراون.
رۆژی دووشەممە 01-07-2024، کۆمپانیای (ماکیو و پارتنەرز)ـی تایبەت بە یاسا رایگەیاند "سەرنشینان و کارمەندانی فڕۆکەیەکی بەریتانی کە لە ساڵی 1990 لە کوێت نیشتنەوە و بە بارمتە گیران، سکاڵایان لەسەر کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە و حکومەتی بەریتانیا تۆمارکرد."
رۆژی 02-08-1990 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی بەریتانی لە کوێت نیشتەوە، کە چەند کاژێرێک پێش نیشتنەوەکە، حکومەتی پێشووی عێراق (بەعس) هێزەکانی بەرەو سنووری کوێت، بەمەبەستی داگیرکردنی، جووڵاندبوو.
بەشێک لەو 367 کەسە لە سکاڵاکە باسیان لەوە کردووە بۆ ماوەی چوار مانگ وەک بارمتە گیرابوون، وەک قەڵخانی مرۆیی لە دژی هێرشی رۆژئاوا بۆ سەر هێزەکانی عێراق لە جەنگی کەنداودا.
کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاند، 94 کەس لە سکاڵاکارەکان، سکاڵایان لە دادگەی باڵای لەندەن تۆمار کردووە و، هێڵی ئاسمانیی بەریتانییان بەوە تۆمەتبار کردووە "بەمەبەست خەڵکی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە."
ماکیو & پارتنەرز لە راگەیێندراوەکەیدا باسی ئەوەشی کردووە "هەموو سکاڵاکارەکان لە کوێت دووچاری ئازاری جەستەیی و دەروونی بوونە و هێشتا کاریگەرییەکەی ماوە."
ئەو تۆمەتەی کارمەندان و سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە خستوویانەتە پاڵ حکومەتی بەریتانیا ئەوەیە؛ "بەریتانیا دەیزانی سەدام حوسێن کوێت داگیر دەکات، بەڵام رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکە نەکرد."
بێری مانەرز، یەکێکە لەوانەی سکاڵای کردووە و لەو فڕۆکەیەدا بووە. گوتی "وەکو مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵ نەکرا، بەڵکو وەکو سەربازی شەتڕەنج بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی بازرگانی و سیاسی مامەڵەیان لەگەڵدا کردین."
لە پەڕاوێکی بڵاوکراوەی ساڵی 2021ـی حکومەتی بەریتانیا هاتووە: "باڵیۆزی ئەوکاتی بەریتانیا لە کوێت بە لەندەنی راگەیاندبوو، کە عیراق دێتە نێو وڵاتەکە، بەڵام پەیامەکە نەگەیشتبووە هێڵی ئاسمانیی بەریتانی."
کۆمپانیا بەریتانییەکە هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو سکڵایانە نەداوە و دەڵێت "وەکو لە تۆمارە حکومییەکان دەردەکەوێت، کۆمپانیاکەی ئێمە ئەوکات ئاگادار نەبووە کوێت داگیر دەکریت، بۆیە نیشتووەتەوە."
کۆمپانیا یاساییەکە هەروەها بڵاویکردەوە "بڕیار وابوو لە ئەیلوولی رابردوو ئەو سکاڵایە تۆمار بکرێت و هەر سەرنشینێکی ئەو فڕۆکەیەش داوای 213 هەزار دۆلاری قەرەبووی کردبوو."
دوای داگیرکردنی کوێت؛ ئەمریکا و 34 وڵاتی دیکە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان) هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و وڵاتەکەیان لە دەستی سەدام حوسێن دەرهێنا.