سێنتکۆم: سێ بەلەمی حووسییەکانمان تێکشکاند

01-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەمریکا سێ بەلەمی حووسییەکان لە دەریای سوور تێکدەشکێنێت و دەڵێت، "هەڕەشەیەکی مسۆگەر" بوون.
 
رۆژی دووشەممە 01-07-2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "لە 24 کاژێری رابردوودا هێزەکانمان لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرگری لەخۆکردن سێ بەلەمی چاودێریی حووسییەکانیان لە دەریای سوور تێکشکاند."
 
سێنتکۆم دەڵێت: "دەرکەوت کە ئەو بەلەمانە بۆ ئەمریکا، هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە هەڕەشەیەکی مسۆگەرن. ئەو هەنگاوانە بۆ پاراستنی هاتووچۆی ئازادی ئاویی نران."
 
هێزەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "ئەم مامەڵەی بەردەوامە بێباکانەی حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران، هەڕەشە لە سەقامگیریی هەرێمی و ژیانی کەشتیوانەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەکات."
 
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکانی یەمەن پاڵپشتی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ حەماس و فەلەستین دەربڕیوە و دەڵێن، ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە خاوەندارێتییان بۆ ئیسرائیلییەکان دەگەڕێتەوە یان پێداویستی بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە نێوەڕاستی تشرینی دووەمی رابردووەوە حووسییەکان زیاتر لە 190 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بە دەریای سووردا تێپەڕیون.
 
هێرشی حووسییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن کە رێڕەوێکی گرنگە و 12%ـی کۆی بازرگانیی جیهانی پێدا دەڕوات.
 
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانیێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە، لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، یۆنان و ئیسپانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە