شەڕی 11 رۆژەی حەماس و ئیسرائیل زیانی دەروونی بە ئاژەڵە ماڵییەکان گەیاندووە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەم پشیلەیەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن لەگەڵ دەیان ئاژەڵی دیکەی نێو کەرتی غەززەی فەلەستین پاروویەک نان بە قوڕگیاندا ناچێتە خوارەوە؛ هۆکارەکەشی ئەو ترسەیە کە شەڕی 11 رۆژەی ئیسرائیل و حەماس لە دڵ و دەروونیانی دروستکردووە.
 
موعتەسەم قەدوورە، پزیشکی ڤێتێرنەریی کەرتی غەززەیە و دەڵێت، "زۆربەی پەیوەندییەکان کە پێمانەوە دەکرێن باسیان لە نەخۆشی ئاژەڵەکانیان دەکرد زۆرتریان دەڵێن ئاژەڵەکان لەو رۆژەوە کە شەڕ روویداوە ترساون و نان ناخۆن. یان دەڵێن خۆیان لە پشت کورسییەکانەوە دەشارنەوە یان تووکی سەر و جەستەیان دەوەرێت. پشیلەکان خۆیان دەشارنەوە و لەترسا هیچ ناخۆن."
 
ئاژەڵەکان لە کەرتی غەززەی ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ دوو ملیۆن مرۆڤدا دەژین؛
ژمارەیان دیار نییە، بەڵام هەن و خەڵکیش پەسەندیکردوون. سەعید هیر هەوادار و بەخێوکەری ئاژەڵە، ئەو زیاتر لە هەموو کەس زانیاری لەسەر ئەو مژارە هەیە.
 
سەعید دەڵێت، "ئێستا لێرە شەش ئاژەڵی بریندارم هەیە و هیوادارین سەگە بەرەڵڵاکان و سەگە هەڵاتووەکانی شەڕ ئەوانەی دەرەوە بریندار نەبووبن."
 
یەکێکیان لە ئاژەڵە بریندارەکان پارچە تۆپ بەر قاچی کەوتووە؛ یەکێکی دیکەیشیان چاوی لەدەستداوە.
 
نەریمان بەسام کچێکی شەش ساڵانی ئاژەڵدۆستە لە خان یونس لە باشووری غەززە، دەڵێت، "حەوزێکی گەورەی ماسیم هەبوو، لە بۆردومانەکاندا شکا و یەکێك لە ماسییەکان مرد و تەنیا یەکێکیان مایەوە."
 
بەشی زۆری قوربانییانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، کەسانی سڤیل بوون، لەنێو ئەوانەی زیانی شەڕەکەیان پێگەیشت ئاژەڵانیش هەبوون. واتە ئەو دوو لایەنەی کە هەرگیز خوازیاری شەڕ نین.
 
لە شەڕی 11 رۆژەی حەماس و گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ ئیسرائیل، زیاتر لە 246 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانیش برینداربوون. لە ئیسرائیلیش 12 کەس گیانیان لەدەستدا.