مانگی نیسان لوبنان 168 پەناخوازی سووریای دیپۆرت کردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی لوبنان دەستیان کردووە بە دەستبەسەرکردن و دیپۆرت کردنەوەی پەناخوازە تۆمارنەکراوەکان، بەشێکی پەناخوازانیش بە پاساوی گێرەشێوێنی دیپۆرت دەکرێنەوە. لە مانگی نیساندا ئەو وڵاتە 168 پەناخوازی سووریای دیپۆرت کردووەتەوە.
 
محەممەد، پەناخوازی سووریا لە لوبنان دەڵێت، "خەڵکی لێرە هەمووی بە شێوەیەکی رێکوپێک و بەگوێرەی یاسا و رێساکان دەجووڵێنەوە. ئەو کەسانە لە یاسا دەردەچن زۆر کەمن. بۆیە نابێت خەڵکێکی زۆر بەهۆی هەڵەی چەند کەسێکەوە سزا بدرێن. ئەوان دەڵێن سوورییەکان لێرە خراپە دەکەن، بەڵام ئەمە راست نییە." 
 
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە مانگی نیساندا 168 کەس لە لوبنانەوە گەڕێندراونەتە سووریا. هاوکات دەڵێن، سوپای لوبنان تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 پەناخوازی تۆمارنەکراوی دەستبەسەر کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، سوپا لە مانگی نیساندا 13 جار هەڵیکوتاوەتە سەر کەمپ و کۆمەڵگەی پەناخوازانی سووریا.
 
ئوم عەلی، پەناخوازی سووریا لە لوبنان سوێند دەخوات کە ئەوان لەو وڵاتەدا لە ترسدا دەژین، "ئەو ترسەی لە سووریا بینیمان، ئێستا لێرە دووبارە بەرۆکی گرتووین. دوێنێ سوپا هات و کەسێکی دەستبەسەر کرد. لێرە دۆخی هەموو کەسێک خراپە."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی لوبنان، نزیکەی دوو ملیۆن پەناخوازی سووریایی لە لوبنان هەن، کە 805 هەزار و 326 پەناخواز لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کراون.
 
پەناخوازان دەڵێن، لە کەمپەکانیشدا دۆخی مرۆییان نالەبارە، بە جۆرێک کە هەر خێزانێک مانگانە تەنیا نزیکەی 50 دۆلاری پێدەدرێت.
 
پەناخوازێکی دیکەی سووریا لە لوبنان بەناوی ئەبو عەزیز باس لەوە دەکات، "کەس بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت، بەڵام ناچارین لێرە بمێنینەوە بۆئەوەی بژین. هەرچەندە ئەو هاوکارییەی پێمان دەگات بەشمان ناکات. ناشتوانین بگەڕێینەوە بۆ سووریا بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدایە. ئەگەر دۆخەکە باش بوایە، هەر سبەی دەگەڕاینەوە."
 
دیپۆرتکردنەوەی ناچاریی پەناخوازان، ناڕەزایی پەناخوازانی لێکەوتووەتەوە و سەرەتای ئەم هەفتەیە هەزاران خۆپێشاندەر دژی ئەو بڕیارەی حکومەت چوونە سەر شەقامەکان و سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد.