لە سەرەتای جەنگی غەززەوە 600 سەربازی ئیسرائیل کوژراون

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل ئاماری سەربازە کوژراوەکانی لە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە تاوەکو ئێستا 600 سەربازیان کوژراون. 
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا کوژرانی سەربازێکی لە کەرتی غەززە راگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا 600 سەربازی لە جەنگی غەززەدا کوژراون. 
 
سوپای ئیسرائیل ژمارەی بریندارەکانیشی بڵاوکردەوەتەوە و رایگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 3،082 سەربازی ئیسرائیل بریندار بوون، کە برینی 485یان قورسە.
 
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، کە زیاتر لە 13 هەزار چەکداری حەماسی لە کەرتی غەززەدا کوشتوون.
 
زیاتر لە مانگێکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازاد کران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازاد کران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 32 هەزار و 845 کەس کوژراون و زیاتر لە 75 هەزار و 392 کەسی دیکەش بریندار بوون.