سوودانی لەسەر بانگێشتی محەممەد بن سەلمان سەردانی سعودیە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر بانگێشتنامەی فەرمیی شازادەی جێنشینی سعودیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندێکی ئابووریی جیهانی، سەردانی سعودیە دەکات.
رۆژی دووشەممە، 1-4-2024، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سوودانی بانگێشتنامەی فەرمیی پێگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە "کۆبوونەوەی تایبەتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی" کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.
وەک نووسینگەکەی دەڵێت، سوودانی لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەوە بانگێشتکراوە.
لە کۆڕبەندەکە باس لە هاوئاهەنگیی جیهان، گەشەی ئابووری و وزە دەکرێت.
لە بانگێشتنامەکەیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، شازادەی جێنشینی سعودیە باسی لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان عێراق و سعودیە کردووە و نووسیویەتی، "بەشداریی سوودانی لە کۆڕبەندەکە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر دەرەنجامی کۆبوونەوەکان دەبێت."
کۆبوونەوەی تایبەتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی رۆژانی 28 و 29ـی ئەم مانگە رێکدەخرێت و ئامانج لێی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس و ئاڵنگاریی جیهانییە، هاوشان لەگەڵ هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ئابووری و گەشەی بەردەوام.
بڕیارە لە کۆڕبەندەکەدا زیاتر لە 700 سەرکردەی جیهانی لە سەرۆک و سەرۆکی حکومەتی وڵاتان، بەرپرسانی کەرتی تایبەت و رێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدار بن.