پێنتاگۆن: ئیسرائیل 25,000 ژن و منداڵی فەلەستینیی کوشتووە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لەوەتەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئیسرائیل 25 هەزار ژن و منداڵی فەلەستینیی کوشتووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتارێکی پێشکەش کرد.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەلایەن لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەبارەی ژمارەی ژن و منداڵە کوژراوەکانی غەززە پرسیاری لێکرا و لە وەڵامدا گوتی، ژمارەیان "زیاترە لە 25,000 کەس".
 
ئەوە یەکەمجارە بەرپرسێکی ئیدارەی بایدن باسی ژمارەی کوژراوە فەلەستینییەکان لە جەنگی غەززە بکات؛ 14ـی مانگی پێشوو جەیک سولیڤان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا رایگەیاند، "هەزاران کەس لە جەنگی غەززەدا کوژراون".
 
دوای گوتەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا؛ سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆستن ئاماژەی بەو ژمارەیە کردووە کە لەلایەن تەندروستیی غەززەوە بڵاوکراونەتەوە. 
 
سابرینا گوتیشی: "ناتوانین بەشێوەیەکی سەربەخۆ پشتراستی ئەو ئامارانەی قوربانییانی غەززە بکەینەوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، گرتە ڤیدیۆیەکی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل کە بە درۆن تۆمارکرابوو، بڵاوکرایەوە، تێیدا دەردەکەوێت، کاتێک هەزاران فەلەستینی بۆ وەرگرتنی خواردن لە غەززە نۆرەیان گرتووە، لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەیان بەسەردا دەکرێت. 
 
بەگوێرەی تەندروستیی فەلەستین، لانیکەم 104 هاووڵاتیی سڤیل لەو هێرشەی ئیسرائیلدا کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون. 
 
گرتە ڤیدیۆیەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و ئیسرائیل گوتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. 
 
لە چەند مانگی رابردوودا چەندین وڵات رەخنەی ئەوەیان لە ئیسرائیل گرتووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە زێدەڕۆیی تێدا کراوە و بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی سڤیل گیان لەدەستبدەن. 
 
رۆژی 13ـی ئەم مانگە، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، جەنگی غەززە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر کەسی سڤیل و ئاماژە بەوەش دەکات، وەڵامی ئیسرائیل بۆ حەماس زێدەڕۆیی تێدا کراوە.
 
رۆژی 29-12-2023، ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە لاهایی هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد.
 
ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار کردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو، "کردەوەکانی ئیسرائیل ئامانجدار بوون و مەبەست لێیان لەنێوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی و رەگەزی فەلەستینییەکان بووە".
 
رۆژی 26-1-2024، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای لەبارەی سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور گوتی، "دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرێکی تاوانی جینۆساید".
 
نزیکەی پێنج مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون و بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەشی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.