عەبدولهیان: حەمماس تیرۆریستە یان ئیسرائیل؟

رووداو - ئاژانسەکان

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی، رەخنەی لە بڕیاری دادگای میسر گرت دەربارەی ناساندنی بزووتنەوەی حەمماسی فەڵەستینی وەك رێکخراوێکی تیرۆریستی. دەشڵێت وڵاتی ئیسرائیل تیرۆریستە نەوەک بزووتنەوەی حەماس.


حوسێن ئەمیر عەبدولهیان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 1 ی ئاداری 2015 رایگەیاند:" ئیخوان موسلیمین بەشێکە لە حەقیقەتی میسر، دەبێت واقیع بینانە جیاوازی بکرێت لە نێوان گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییەکان و گرووپە تیرۆریستییەکان".

عەبدولەهیان پێیوایە، ئیسرائیل دەستەوەستان ماوە لە بەرامبەر گرووپەکانی بەرگریی حەمماس و جیهادی فەڵەستینی، هەروەها وڵاتی ئیسرائیل وڵاتێکی تیرۆریست و نایاساییە.

گوتەکانی عەبدولەهیان دوای ئەوەهات كە دوێنێ شەممە 28ی شوباتی2015 ، دادگای میسر  بزووتنەوەی حەمماسی فەڵەستینی وەك بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی ناساند، هاوکات لە 31ی کانوونی دووەمیش، کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی حەمماسی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.