لە 5 دەروازەوە هاوکاری دەبرێتە نێو غەززە؛ 'دەبیستین هاوکاری دێت، بەڵام هیچ نابینین'

01-02-2025
تەنیا ئەحمەد
دیمەنێکی دابەشکردنی خۆراک لە غەززە.
دیمەنێکی دابەشکردنی خۆراک لە غەززە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەدوای 15 مانگ شەڕ، وێرانی، گەمارۆ و برسییەتی لە غەززە، ئاگربەست لە 19ـی مانگی رابردوو راگەیێندرا و رێگەی خواردن و هاوکارییە مرۆییەکان کرایەوە؛ بەڵام ئەو هاوکارییانەی دابەشدەکرێن، بەشی هەموویان ناکات.
 
سەمیر ئەبو هۆلی، دانیشتووی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "من زیاتر لە 10 منداڵم هەیە و هەموویان پێویستییان بە شیر و خواردنە. پێش ئاگربەست، زۆر بە زەحمەت دەمانتوانی خواردن بۆ منداڵەکان دابین بکەین. ئەمڕۆ حەسانەوەیەکی کەم هەیە، سوپاس بۆ خوا خواردن هەیە، بەڵام پارە نییە."
 
رێگەی چوونی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە پێنج دەروازەوەیە، لە نێوان 19 بۆ 28ـی یەک، دوو هەزار و 400 بارهەڵگر چوونەتە نێو غەززە، بەڵام هێشتا بەشێکی خەڵکی غەززە گلەیی ئەوە دەکەن، کاتێک هاوکارییەکان دەگەن لەلایەن کەسانی دیکە دەبردرێن و لە بازاڕ دەفڕۆشرێن.
 
ئێستا نرخی یەک کیسە ئاردی 25 کیلۆیی لە غەززە، 85 دۆلارە. 
 
سەمیر ئەبو هۆلی، لەبارەی هاتنی هاوکارییەکان باس لەوە دەکات، "هاوکارییەکی زۆر دێتە ژوورەوە، دەبیستین کە هاوکاری دێت، بەڵام هیچ نابینین. دوای سێ مانگ، ئەمڕۆ توانیم کارتۆنێکی هاوکاری وەربگرم. هێشتا نەمکردووەتەوە و نازانم چی تێدایە."
 
بڕیارە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 42 رۆژ بخایەنێت.
 
بەگوێرەی مەرجەکان، پێویستە رۆژانە لانیکەم 600 بارهەڵگر بچنە نێو غەززە کە 50ـیان تایبەت بن بە سووتەمەنی. هەروەها، نیوەی ئەو هاوکارییە بۆ باکووری غەززە بڕوات، کە چەند رۆژێکە ئیسرائیل گەمارۆی لەسەر هەڵگرتووە و نزیکەی 550 هەزار کەس چوونەتەوە ئەوێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە