سوپای ئەمریکا: دوو درۆنی حووسییەکانمان تێکشکاندن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، دوو درۆنی حووسییەکانی یەمەنیان تێکشکاندوون کە ببوونە هۆی مەترسی بۆسەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم بڵاویکردەوە، کاژێر 05:00 بەیانی بە کاتی سەنعا (هەمان کات بە کاتی هەولێر) درۆنێکی حووسییەکانی یەمەنیان خستەخوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کاژێر 10:30ی بەیانی درۆنێکی دیکەی حووسییەکانی یەمەنیان لە نزیک دەریای سوور خستوەتەخوارەوە. بە گوێرەی سێنتکۆم، ئەو درۆنە ببووە هۆی مەترسی بۆسەر کەشتییە بازرگانی و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور.
سێنتکۆم دەشڵێت، کاژێر 12:45ی دوانیوەڕۆ دوو مووشەکی دژە کەشتی کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەی کەشتییەک لە دەریای سوور کرابوو، کەوتنە نێو دەریاوە، بێ ئەوەی بەر کەشتییەکە بکەون.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لە 19ی تشرینی دووەمەوە حووسییەکان 30 جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتەسەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لانیکەم هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن.