رۆبەرت فۆرد: ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پشت بە ئەمریکا ببەستێت هەڵەیەکی گەورە دەکات

01-02-2024
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
رووداوی ئەمڕۆ.
رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت، ئێستا سووریا کاری لەپێشینە نییە بۆ ئەمریکا و سوپای ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر ئامادە بکات پێش کشانەوە و بەجێهێشتنی خاکی ئەو وڵاتە.
 
رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە هەڤپەیڤینێکی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سەرکردە جیاوازەکان هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکەن ئەگەر پشت بە پاراستنی ئەمریکا ببەستن، حکومەتی ئەمریکا نەیتوانی یارمەتی سوپای ئازادی سووریا بدات، ئەمریکا نەیتوانی یارمەتی حکومەتی کاتیی سووریا بدات لە جەرابلوس، واشنتن نەیتوانی یارمەتی تیمی دانوستانکاری سووری بدات لە ئەستانە، گوشار یان قەڵەمڕەوی ئەمریکا لە سووریا بە گشتی زۆر بچووکە، بۆیە گرنگە کە سەرکردەکان لە قامشلۆ بزانن کە پێویستە لە دانوستاندنەکاندا سازش پێشکەشی حکومەتی سووریا بکەن.
 
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا رەخنە لە دەسەڵاتی خۆسەر دەگرێت لەبارەی نەبوونی رێککەوتن و هاوئاهەنگی و دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سووریا خۆی لە هەندێک کاتدا بەشێوەیەکی داپڵۆسێنەرانە مامەڵەی کرد، هێرشی کردە سەر بارەگای ئەو پارتانەی کە پەیەدە نین، گێچەڵێ بە رۆژنامەڤانان کرد و هەندێکجار دەستگیری کردن، بۆیە نەبوونی متمانە لەنێو پارتە سیاسییە کوردییەکاندا هەیە و ئەمریکییەکانیش نەیانتوانی رێککەوتنێک دروست بکەن لەنێوانیاندا.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا: 
 
رووداو: با لەم پرسیارە گشتتییەوە دەستپێبکەین، ئێستا سووریا لە کوێی سیاسەتی ئەمریکادایە؟
 
رۆبەرت فۆرد: نزیکەی 10 ساڵە سووریا کاری لەپێشینە نییە بۆ ئەمریکا، ئێستاش لەگەڵ ئیدارەی بایدندا، سووریا کارێکی لەپێشینەی نزمە، ئۆکراینا دۆسێیەکی زۆر گەورەترە، تایوان و کۆماری میللی چین، ئەم دووانە کاری لەپێشینەی گەورەترن، تەنانە جەنگەکەی غەززە ئێستا کارێکی لەپێشینەی گەورەیە، سووریا لە خوارەوەی لیستەکەدایە.
 
رووداو:  ئەمە واتا چی ئەگەر سووریا کاری لە پێشینە نەبێت، بەتایبەتی لەسەردەمی بایدن، ئەمە چۆن رەنگدانەوەی لەسەر بەشداری ئەمریکا هەیە لەسەر زەوی؟
 
رۆبەرت فۆرد: بەڵێ، دوو لێکەوتەی گەورە هەن کە وایکردووە سووریا ئەولەوییەتێکی نزمتر بێت، یەکەمیان، ئیدارەی بایدن نایەوێت سەرچاوەی زیاتر بەکاربێنێت، نایەوێت پارەی زیاتر لە سووریا خەرج بکات، نایەوێت سەربازی زیاتر و سوپای زیاتر بنێرێت، لە راستیدا ئیدارەی بایدن دەیەوێت ئەو سەرچاوانە کەمبکاتەوە کە بۆ سووریا دەچن. لێکەوتەی دووەم ئەوەیە کە بەرپرسانی باڵا، وەکو سەرۆک، وەزیری بەرگریی و وەزیری دەوڵەت و بەڕێوەبەری سی ئای ئەی کاتی کەمتر تەرخان دەکەن بۆ کارکردن لەسەر سووریا چونکە سەرقاڵن بە دۆسیەی خاوەن ئەولەوییەتی باڵاتر وەکو ئۆکراینا یان غەززە، لە جیاتی ئەوەی، بەرپرسانی ئاست مامناوەند زیاتر بەرپرس دەبن و ئەو بەرپرسە مامناوەندانەش زۆربەی جار دەستپێشخەری گەورە ناکەن.
 
رووداو: کاتێک کە کارێکی لەپێشینەی نزمترە، ئایا ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەمریکا کەمتر سەرنجی لەسەر چارەنووسی سووریا دەبێت، تەنانەت لە رووی سیاسیشەوە، یان ئەوەی کە هاوکێشەی سووریا چی لێ دێت، بۆ نموونە لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا؟
 
رۆبەرت فۆرد: قسەکەی تۆ بەتەواوی دروستە، ئیدارەی بایدن، تەنانەت ترەمپیش، لە راستیدا هیچ پلانێکی نەبوو، هیچ ستراتیژییەتێکی نەبوو بۆ ئەوەی کە چۆن کاریگەری بکاتە سەر ئاڕاستەی سیاسەتەکان لە سووریا یان چۆن بگەنە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ جەنگی نێوخۆیی سووریا.
 
رووداو: لەم رۆژانەی دواییدا هەندێ راپۆرت دەبینین لەبارەی ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، ئەوە رێی تێدەچێت؟
 
رۆبەرت فۆرد: پێموایە ئەگەرە بەڵام بەم نزیکانە نا، رەنگە لە ساڵێک یان دوو ساڵ. هۆکاری ئەوە یەکەم ئەوەیە کە پێموایە ئیدارەی بایدن نایەوێت سووریا جێبهێڵێت و وەکو دۆڕان دەربکەوێت، چونەک ئەگەر بۆ نموونە مانگی داهاتوو بکشێنەوە ئەوا هەموو کەسێک وا تێدەگات بەهۆی گوشاری میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە کشاونەتەوە کە هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا. ئیدارەی بایدن نایەوێت لە سووریا بکشێتەوە و بە روالەت بە دۆڕان بکات. فاکتەری دووەم ئەوەیە سوپای ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر ئامادە بکات پێش کشانەوەی ئەمریکا، بۆیە هەندێ کاتی زیاتریان دەوێت بۆ راهێنان و ئامادەکردنی هێزەکانی سووریا دیموکرات.
 
رووداو: لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمرکا لە سووریا، بەڕێز فۆرد تۆ یەکێکی لە باشترین شارەزاکانی کاروباری سووریا، پێشبینی چی دەکەیت؟ بۆ نموونە ئاماژەت بە هەسەدە کرد، ئەوان هەرچەندە بەهێز بن بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان تەنیا ماسییەکن لە دەریایەکی گەورەدا، وا نییە؟
 
رۆبەرت فۆرد: هێزەکانی سووریا دیموکرات بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە رۆژهەڵاتی سووریا لە سوپای سووریا بەهێزترن، ئێستا سوپای سووریا زۆر لاوازە پاش 10 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، سوپای سووریا بەشێکی زۆری هێزەکەی لەدەستداوە، زۆربەی کەرەستەکانی، سەرکردەکانی زۆر گەندەڵن بۆیە سوپای سووریا رەنگە نەیەوێت کە جەنگێکی فراوانی لەدژی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەبێت. پرسیارەکە بۆ ئاییندەیە کە پەیوەندییەکە لەنێوان حکومەت لە دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە قامشلۆ چۆن دەبێت، کە تاوەکو ئێستا نازانین. من بینینم کە رووسەکان چەند جارێک هەوڵی نێوەندگیریان لەنێوان دیمەشق و قامشلۆ دا، بەڵام بەبێ سەرکەوتن، پێموایە لە کاتێکیشدا کە ئەمریکییەکانیش خۆیان بۆ کشانەوە ئامادە دەکەن کە لە کۆتاییشدا هەر دەکشێنەوە، بەڵام لە کاتێکدا کە ئەمریکییەکان ئامادەکاری بۆ کشانەوە دەکەن رۆڵی رووسیا زۆرتر گرنگتر دەبێت.
 
رووداو: بەشێک لە سەرنەکەوتنی هەوڵی نێودەونگیرییەکی رووسیا ئەوەبوو کە کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەرێوەبەرایەتی خۆسەر ئاسوودە نەبوون بە نێوەندگیرییەکە چونکە لە راستیدا زیاتر وەکو پاڵنانێکی ئەو ئیدارەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سووریایەکی ناوەندیی دەیانبینی نەوەکو پاراستنی مافەکانیان وەکو هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی. لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا پێتوایە چارەنووسی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر روون نابێت؟
 
رۆبەرت فۆرد: پێموایە دەسەڵاتەکانی ئیدارەکەی ئێستا دەبنە بابەتی دانوستاندن لەنێوان دەیمەشق و قامشلۆ، لێرەدا دوو گۆشەی گرنگ هەن، یەکەمیان: رۆڵی دیاریکراوی هێزەکانی سووریای دیموکرات چی دەبێت؟ ئایە 100٪ تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێن، یاخود دۆخێکی تایبەتیان دەبێت، بۆ نموونە، لە ئاستی بەتالیۆندا یان کەرت، ئێمە نازانین کە ئایە حکومەتی سووریا لە دیمەشق دەیەوێت هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوی تێکەڵ بکات، سەرباز بە سەرباز، یان بە تایبەتمەندییەوە دەیهێڵێتەوە وەکو یەکینەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بۆیە ئەوە خاڵێکە.. دووەم پرسیاری گەورە ئەوەیە ئەوکاتە چی بەسەر دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دین؟ تەندروستی، پەروەردە، کشتوکاڵ، دارایی و ئەم کارە کارگێڕییانە کە قامشلۆ لە راستیدا لە 2016وە بەڵکو تەنانەت پێس 2015وە بەرپرس بووە لێی، دەبێت دانوستاندن لەگەڵ دیەمشقدا بکرێت کە ئایە ئەم بەرپرسیارێتییە کارگێڕییانە لە داهاتوودا چۆم بەڕێوەدەبرێن، کە من پێموایە رەنگە بتوانن بگەنە رێککەوتن لەبارەیەوە. بۆ من ئاسانە وێنای ئەوە بکەم کە بۆ نموونە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ئاستی خۆجێیدا لەگەڵ هەبوونی جۆرێک لە رەزامەندی لە دیمەشقەوە. دیمەشق ئێستا خەڵکی بیرۆکرات و بەڕێوەبەری حکومیی ئامادەی زۆری نییە کە بیاننێرێت بۆ حەسەکە و بەشی رۆژهەڵاتی سووریا یان رۆژهەڵای رووباری فورات، تەنانەت لەپێش شەڕی نێوخۆش، حکومەتی سووریا پشتی بە ئەکتەرە لۆکاڵییەکان دەبەست، بەتایبەتی هێزی هۆزەکان لە دەوروبەری دێرەزوور بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای دێرەزوور.
 
 
رووداو: بەڕێز فۆرد، ئایە کورد،. هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پشت بە حکومەتی ئەمریکا ببەستن بۆ گەرەنتیکردنی هەندێ ماف لە پاش کشانەوەیان، یان لانی کەم پاڵپشتی سیاسی، چونکە پرسیارەکەم ئەمەیە، ئەگەر بەتەنیا جێبهێڵدرێن لە دۆخێکی لاوازدا دەبن، بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئەم هێزانە لەلایەن ئەمریکا راهێنانیان پێکراوە، لەلایەن ئەمریکا پڕچەک کراون، لە ئێستاشەوە لۆمە دەکرێن و بە جۆرێک وەکو خائین لە روانگەی حکومەتی سووریاوە دەبیندرێت، کە ئەمە دەخەمە نێوان دوو کۆتەیشنەوە، کە حکومەتێکە زۆر لە ئێران و رووسیاوە نزیکە. لە باکووریشەوە تورکیا هەیە کە بە دوای هەر هەلێکدا دەگەڕێت تاوەکو هێرش بکاتە سەریان. ئەوان دەکەونە دۆخێکی زۆر لاوازەوە و هەموو کەسێکیس ئامادەیە بۆ هێرشکردنە سەریان.. ئایە دەتوانن پشت بە حکومەتی ئەمریکا ببەستن، بۆ ئەوەی لانی کەم گوشار لە هێزە هەرێمییەکان و حکومەتی سووریا بکات بۆ گەرەنتیکردنی هەندێک ماف بۆیان؟
 
رۆبەرت فۆرد: من خۆشحاڵم کە ئەم پرسیارەت کرد و پمێوایە زۆر زۆر گرنگە، بۆیە دەمەوێت زۆر بە راشکاوی قسە بکەم، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و سەرکردە جیاوازەکان لەوێ هەڵەیەکی زۆر گەورە جیددی دەکەن پشت بە پاراستنی ئەمریکا ببەستن لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. حکومەتی ئەمریکا نەیتوانی یارمەتی سوپای ئازادی سووریا بدات، حکومەتی ئەمریکا نەیتوانی یارمەتی حکومەتی کاتیی سووریا بدات لە جەرابلوس، حکومەتی ئەمریکا نەیتوانی یارمەتی تیمی دانوستانکاری سووری بدات لە ئەستانە، گوشار یان قەڵەمڕەوی ئەمریکا لە سووریا بە گشتی زۆر بچووکە، بۆیە گرنگە کە سەرکردەکان لە قامشلۆ بزانن کە پێویستە لە دانوستاندنەکاندا سازش پێشکەشی حکومەتی سووریا بکەن. دەمەوێت خاڵێکی دیکە زیاد بکەم، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئێستا لەگەڵ حکومەتی سووریا کار دەکات و تەنانەت سەربازی سوپای سووریا هەن کە لە هەندێ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر جێگیرکراون، وەکو لە بەشێکی پارێزگای حەلەب و بەشێکی پارێزگای منبج، ئەوە نییە کە دیمەشق و قامشلۆ هیچ پەیوەندییەکیان نەبێت، لە راستیدا پەیوەندییان هەیە بەڵام ئەوەی کە لەسەری رێکناکەون ئەوەیە کە ئاییندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا چی دەبێت؟ لەسەر ئەوەش رێکناکەون کە کێ سیستەمی پەروەردە بۆ نموونە لە شاری حەسەکە بەڕێوەدەبات، ئەمە شتێکە کە دەبێت دانوستاندنی لەسەر بکەن.
 
رووداو: کەواتە تۆ پێتوایە وا باشترە بۆ کورد لە ئێستاوە دەست بکەن بە دانوستاندن و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەنێو سووریا؟
 
رۆبەرت فۆرد: پێشنیازی من ئەوە دەبێ کە پێگەیان بەهێزترە لە کاتێکدا کە ئەمریکییەکان هێشتا لە سووریان، کاتێک ئەمریکییەکان دەکشێنەوە کە من خۆم نازانم ئەمریکییەکان کەی دەکشێنەوە،  ئایە لە ماوەی ساڵێکدا دەبێ یان دوو ساڵ، نازانم. بەڵام کاتێک ئەمریکییەکان دەکشێنەوە ئەوکاتە پێگەی قامشلۆ بۆ دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق لاوازتر دەبێت، بۆیە باشترە ئێستا دەست بە دانوستاندنەکان بکەن و بگەنە رێککەوتن لەبارەی هەندێ پرسی تەکنیکی، ئایە کێ بودجە بەڕێوەدەبات؟ کێ بەرپرس دەبێت لە سیاسەتی پەروەردە؟ کێ بەرپرس دەبێت لە بەڕێوەبەردنی نەخۆشخانەکان؟ کێ بەرپرس دەبێت لە سیاسەتی تەندروستی؟ ئەمانە پرسی تەکنیکین، بۆیە لەوێدا پێموایە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوە ببینێ کە دەتوانێ بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی بپارێزێت، چونکە حکومەت لە دیمەشق لاوازە.
 
رووداو: لە باکووریشەوە تورکیا هەیە، رەنگە لە ئەگەری دروستبوونی بۆشایی بەتایبەتی لە دوای کشانەوەی ئەمریکا، رەنگە تورکیا ئامادەبێت بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرش و رەنگە لەسەر زەویش هێرش بکات، بەڵام تەنانەت ئێستاش لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لەوێن، بەم دواییانە دەبینین کە هێرشەکانی تورکیا زیادبوون و ئەمجارە ژێرخانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج. مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە رەخنەی لە ئەمریکا گرت بەهۆی بێدەنگی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا، ئەو رەخنەیە لە جێی خۆیەتی؟
 
رۆبەرت فۆرد: بە سادەیی ئەوە دەڵێم ئەمریکییەکان هەرگیز بەڵێنیان نەداوە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەبەرامبەر تورکیا بپارێزن، لە جیاتی ئەوە ئەمریکا هەمیشە جۆرێک لە رێککەوتنی لەنێوان تورکیا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا ویستووە. پێموایە ئەمەش خاڵێکە کە رەنگە دیمەشق و قامشلۆ بتوانن رێککەوتنی لەبارەوە بکەن، هەردوولا، قامشلۆ و دیمەشق دەیانەوێت تورکیا بکشێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا، دیمەشق و قامشلۆ دەیانەوێت تورکەکان هێرشە ئاسمانییەکانیان بوەستێنن بۆیە خاڵێک هەیە کە دەتوانن پێکەوە کاری لەسەر بکەن، لە راستیشدا دەشیکەن، هەر ئەوەش هۆکارە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سوپای سووریا و رووسیای بانگهێشت کرد هێزە بە درێژایی سنووری تورکیا جێگیر بکەن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و تەنانەت رووسیا گەڕانی سەربازیشی هەبێت. بەڵام پەیوەندییەکە لەنێوان قامشلۆ و تورکیا سەخت دەبێت و هەر بە سەختیش دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کە رێککەوتن لەنێوان قامشلۆ لەلایەک و دیمەشق لەلایەکی دیکە دەبێت.
 
رووداو:  پرسیارێکی دیکە لەبارەی بەشداریی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەموومان گفتوگۆی لایەنە سیاسییە کوردییەکانمان لە رۆژئاڤا لەیادە، ئەو گفتوگۆیانە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکران بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی ناکۆکییەوە راوەستاوە، بەوە ناکا واشنتن چیدیکە سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە نێوەندگیری بکات، ئایە ئەم پرسە نێوخۆییە چیدیکە جێی گرنگییە بۆ ئەمریکا؟
 
رۆبەرت فۆرد: تۆ بەڕاستی پرسیارێکی چاکت کرد، من ئەو رۆڵە بەبیردەهێنمەوە کە ئەمریکا گێڕای لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەلایەک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حیزبە سیاسییەکانی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی لە کوردستانی عێراق، ئەو کاتە دێپلۆماتە ئەمریکییەکان نێوەندگیرییان لەو ناکۆکییەدا کرد. هەوڵەکانی ئەمریکا لە سووریا لە راستیدا، دەتوانم تەنیا بڵێم کە سەرکەوتوو نەبوون، ناتوانم ئەوەت بۆ روون بکەمەوە بۆچی، بەڵام دەڵێم بەشێکی بەهۆی ئەوەوە بوو کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سووریا خۆی لە هەندێک کاتدا بەشێوەیەکی داپڵۆسێنەرانە مامەڵەی کرد، هێرشی کردە سەر بارەگای ئەو پارتانەی کە پەیەدە نین، گێچەڵێ بە رۆژنامەڤانان کرد و هەندێک جار دەستگیری کردن، بۆیە نەبوونی متمانە لەنێو پارتە سیاسییە کوردییەکاندا هەیە و ئەمریکییەکانیش نەیانتوانی رێککەوتنێک دروست بکەن لەبارەی ئەوەی کە یاساکانی رکابەرییەکی سیاسی دادپەروەرانە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چییە، تاوەکو رێککەوتنێکیش نەبێت لەبارەی ئەوەی یاساکانی رکابەرییەکی سیاسی دادپەروەرانە چییە کە هەموو لایەنەکان پێی رازیبن، پێموایە ناتوانیت هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان پارتە سیاسییە کوردییە جیاوازەکان کە لە رۆژهەڵاتی سووریا کار دەکەن دروست بکەین. ئەوە جێی داخە.
 
رووداو: هەر خۆی رێککەوتن لەنێو کورد ئیتر گرنگ نییە لە چ وڵاتیک بن هەمیشە کێشەیە، خۆ تۆ پاشخانێکی کارکردنت لە عێراقیش هەیە.. دەمەوێت ئەم پرسیارەشت لێ بکەم و ناشمەوێ وەکو رۆژنامەڤانێکی ساویلکە دەربکەوم، بەڵام پێتوایە بەجۆرێک کوردەکان لە سووریا بە تەنیا جێهێڵدراون؟ ئایە کاتی ئەوە هاتووە کە بزانن و بە خۆیان بڵێن ئێمە بە تەنیا جێهێڵدراوین و کاتی ئەوەیە خۆمان خۆمان بپارێزن و هەر ئەمەمان هەیە؟
 
رۆبەرت فۆرد: ریسک هەیە لە گرتنەبەری ئەو رێگەیە و من خۆم لەگەڵ نیگەرانی کورد لە عێراق و لە سووریاش هاوسۆزم، بەڵام ریسکێک هەیە لەوێدا کە ئەویش ئەوەیە لە پرسی سووریادا، دەکرێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەدیاریرکاوی بگوشرێ لەنێوان تورکیا لەلایەک و دەیمەشق و رووسیا لەلایەکی دیکە، ئێرانیش.. ئەوەش دۆخێکی ژیرانە نییە کە تێی بکەویت، بۆیە پێموایە زۆر باشتر دەبێت بۆ سەرکردایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کە رێگەیەک بدۆزنەوە و بگەنە رێککەوتنێک لە رێگەی رووسەکانەوە لەگەڵ حکومەت لە دیمەشق، من هیچ خۆشەویستییەکم بۆ حکومەت لە دیمەشقدا نییە، راگەیێندراوەکانم لەبارەی بەشار ئەسەد و سەرکردایەتییەکی پێموایە ساڵانێکە زانراوە و ئاسان نییە دانوستاندن لەگەڵ دیمەشقدا بکەیت، من ئەوە دەزانم، بەڵام هەوڵ بدەیت لە هەمان کاتدا شەڕی تورکیا و دیەمشق بکەیت، بە راشکاوی پێموایە ئەوە خۆکوژانە دەبێت بۆ سەرکردایەتی قامشلۆ.
 
رووداو: بە بۆچوونی تۆ، پێتوایە بەو دۆخەی کە دەیبینن، سیاسەتی ئەمریکا لە 2011وە تاوەکو ئێستا بەرامبەر سووریا و خەرجکردنی ملیاران دۆلار لە هەوڵی گۆڕینی رژێمەکەدا، شکستی هێنا؟
 
رۆبەرت فۆرد: سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا شکستێکی زەبەلاح بوو، شکستێکی زەبەلاح، من لە بەشێکی بەرپرسم و زۆر بەرپرسی دیکەی ئەمریکی هەن کە ئەوانیش بەرپرسن، پێویستە بڵێم کاتێک تەماشای تراژیدیاکە لە سووریا دەکەین، چەندین کەسی سووریش بەرپرسن، بەشار ئەسەد و فەرماندە ئەمنییەکانی، بەرپرسیارییەتی بۆ ئەو تراژیدیایە هەیە کە بەسەر هەموواندا دابەش بکرێت. بەڵام ئەمریکییەکان نەیانتوانی چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی نێوخۆی سووریا بدۆزنەوە، ئەمریکییەکان توانییان داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا تێکبشکێنن بەڵام ئەوە کێشەیەکی زۆر بچووکتر بوو بەراورد بە کێشە گەورەکەی وڵاتی سووریا و ئاییندەی سیاسی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە