نەتەوە یەکگرتووەکان: سیستمی تەندروستیی غەززە لە لێواری داڕمانە

01-01-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە داڕمانی تەواوەتیی سیستمی تەندروستیی غەززە دەدات و دەڵێت: ئیسرائیل بە هێرشەکانی نەخۆش و کارمەندی نەخۆشخانەکانیش دەکوژێت و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
 
لە دوایین رۆژی ساڵی 2024، جێرمی لۆرانس، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخان و کەرتی تەندروستیی غەززە، وێرانکەر و کوشندەن و سیستمی تەندروستیی کەرتەکەی خستووەتە سەر لێواری داڕمان."
 
گوتیشی: "راپۆرتێكی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخان و کەرتی تەندروستیی غەززە، کارەساتی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە".
 
لە راپۆرتێكی پێشوویدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە قوربانییانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی غەززە کردووە و دەڵێت: "لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە لانیکەم 500 پزیشکی پسپۆڕ بە پلەی پرۆفیسۆر و یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە غەززە کوژراون."
 
ئاماژەشی بەوە کردووە، ئیسرائیل لەو ماوەیەدا لانیکەم 136 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر 27 نەخۆشخانە و 12 بنکەی تەندروستی و سەدان پزیشک، پەرستار و کارمەندی تەندروستی بوونەتە قوربانی. دەشڵێت: سەرووی 77 هەزار بریندار لە غەززە هەن کە بەشێکیان بەهۆی کەمی یان نەبوونی پێداویستیی سەرەکی و سەرەتایی پزیشکی، گیانیان لەدەستداوە.
 
ژمارەی کوژراوانی غەززەش تاوەکو ئێستا بە زیاتر لە 45 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە