لە عێراق سکاڵا لە دژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆماردەکرێت

01-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق سکاڵایەکیان لە دژی  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمار کردووە. دەشڵێت: "دەکرێت لە عێراق بەبێ ئامادەبوونی خۆی، بە تۆمەتی تاوانی جینۆساید سزابدرێت."
 
رۆژی دووشەممە، 1-1-2024، عیسام چەلەبی، سەرۆکی رێکخراوی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لە رێگەی پارێزەرێکمانەوە سکاڵامان لە دژی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی تاوانی جینۆساید تۆمارکرد."
 
عیسام چەلەبی ئاماژەی بەوەدا داوایان لە ئەنجوومەنی دادوەری کردووە، یەکێک لە دادگەکانی بەغدا راسپێرێت بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی تێدا دادگایی بکرێت. گوتیشی: "یاساکانی عێراق رێگەیان بەوەداوە، کە سەرۆکوەزیران بەبێ ئامادەبوون دادگایی بکرێت و سزا بدرێت."
 
هەروەها باسی لەوە کرد، لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە داواشیانکردووە ئەوان داوا لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بکەن بۆ ئەوەی نەتەنیاهوو دادگایی بکرێت.
 
سەرۆکی ئەو رێکخراوە عێراقییە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ یەکەمجارە لەلایەن رێکخراوێکی عێراقی ئەو داوایە دەکرێت و پێشبینیکرد کە ئەو بابەتە چوارچێوەی یاسایی خۆی وەربگرێت و ئەنجامیشی هەبێت.
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، چەکدارانی فەلەستینی نزیکەی 250 ئیسرائیلییان بە بارمتە گرت. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 129ـیان هێشتا لە غەززەن. 
 
لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا 21 هەزار و 627 کەس کوژراون کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاندووە.
 
لە عێراق تائێستا چەند جارێک خۆپێشاندان لە دژی ئیسرائیل کراوە، جگە لەوەش گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، دەڵێن تاوەکو ئێستا هەشت جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە