مقاوەمەی ئیسلامی -شیعە دەڵێت دوو بنکەی ئەمریکایان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆردوومان کرد


رووداو دیجیتاڵ 

مقاوەمەی ئیسلامی -شیعە لە عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە دووجار بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. 
 
شەوی دووشەممە، 1-1-2024، مقاوەمەی ئیسلامی -شیعە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "لە درێژەی رێبازی مقاوەمەی دژ بە هێزەکانی داگیرکاری ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی قەوارەی زایۆنی لە دژی گەلەکەمان لە غەززە دەیکات، موجاهیدانمان لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ژمارەیەک مووشەکیان گرتە بنکەیەکی داگیرکاری ئەمریکا لە کێڵگەی کۆنیکۆ لە قوڵایی سووریا."
 
گرووپەکە هەروەها دەڵێت: "ئامانجەکانیان پێکاوە و بەردەوام دەبین لە کردنە ئامانجی بنکەکانی دوژمن."
 
پێش ئەو راگەیێندراوە، گرووپەکە راگەییندراوێکی دیکەی لە کەناڵی خۆی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و گوتبووی، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە شەدادی، کە دەکەوێتە باشووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.
 
لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیانکراوەتە سەر، کە هێرشەکان لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەکانەوە بووە.
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، بڵاویان کردووەتەوە، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا 47 جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. لەوانە 12 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی شەدادی، هەروەها 10 جاریش هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ لە پارێزگای درێرەزوور لە باکووری سووریا.