دادگەی باڵای ئیسرائیل بڕیارێک لە دژی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای ئیسرائیل ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە مافی لە دادگاکان دەسەندەوە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی حکومەت بکەن.
 
لە یەکەم رۆژی ساڵی 2024، دادگەی باڵای ئیسرائیل، ئەو یاسایەی کە لە تەممووزی رابردوودا بە سوودی  حکومەتەکەی نەتانیاهوو پەسندکرا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەڵوەشاندەوە.
 
لە تەممووزی ساڵی 2023، حکومەتە راستڕۆکەی نەتانیاهوو کە خاوەن زۆرینەی پەرلەمانە، پاکێجێکی لە هەشت پرۆژە یاسای تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری بە ناونیشانی "پلانی چاکسازی دادوەری" پێشکێش بە پەرلەمانی ئیسرائیل - کنێسیت کرد بەمەبەستی هەموارکردنی سیستمی دادوەریی وڵات کە بە گوتەی نەتەنیاهوو و بەرپرسە توندڕۆکانی کابینەکەی "دەستی حکومەت لە ئەنجامدانی کارەکانی دەبەستێتەوە".
 
یەکێک لەو  پرۆژە یاسایانەی کە پەسەندکرا ناوی "سنووردارکردنی پێوەری پەسندی"یە، بە تێپەڕاندنی، ئیدی یاسای "پێوەری پەسندکردنی" هەڵوەشاندەوە کە بۆ چەندین ساڵ دادگەکان کاریان پێدەکرد و رێگەی پێ دەدان هەڵسەنگاندن بۆ کار و بڕیارەکانی حکومەت بکەن و بڕیاریان دەدا لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە یان رەتکردنەوەی.
 
"پلانی چاکسازیی دادوەری" شەپۆلێكی ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵکی لە سەرتاسەری ئیسرائیل خۆپێشاندانیان کرد و حکومەتەکەی نەتەنیاهوویان بەوە تۆمەتبار کرد کە "وڵاتەکە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبات." 
 
بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگە کاردانەوەی دەستبەجێی لێکەوتەوە؛ یاریڤ لێڤین، وەزیری دادی ئیسرائیل دادگەی بە "دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دەسەڵاتەکان" تۆمەتبار کرد.
 
یاریڤ لێڤین کە بە ئەندازیاری هەمواری ئەو یاسایانە دادەنرێت، دەڵێت، "دەسەڵاتەکان لە حکومڕانییەکی دیموکراسیدا بەسەر سێ لقدا دابەشکراون [دەسەڵاتی دادوەری - حکومەت - پەرلەمان]. ئەم بڕیارە دەنگی ملیۆنان دانیشتووان کپ دەکات."