بەلەمێک لە نزیک کەناراوەکانی لوبنان ژێرئاو کەوت؛ دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە کەناراوەکانی باکووری لوبنان بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 200 کەسی دیکەش لەلایەن تیمەکانی بەهاناوەچوونەوە رزگار کران. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک بەندەری تەرابلوسی لوبنان کە کۆچبەری سووریا و نزیکەی 50 کۆچبەری لوبنانیی هەڵگرتبوو، تووشی کێشە بوو. 
 
سوپای لوبنان رایگەیاند: "سێ کەشتیی دەریایی، لەگەڵ کەشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی فریاکەوتن 200 کەسیان رزگارکرد". گوتیشی کە دوو کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا خنکاون. 
 
بەگوێرەی میدیای نێوخۆییش، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵێکی سووریایین. 
 
پێشتر سوپای لوبنان رایگەیاندبوو، کەشتییەکی دەریاییان ناردووە بۆ ئەوەی بەلەمێکی "پڕ لەو خەڵکە رزگاربکات کە بەشێوەیەکی نایاسایی سنوورە ئاوییەکانی لوبنان جێدێڵن". 
 
هاوکات کەشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان پشتڕاستیکردەوە کە هاوکاریی هێزی دەریایی لوبنان دەکات "لە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و رزگارکردن لەنێوان بەیرووت و تەرابلوس کە تێیدا بەلەمێک بە سەرنشینی زۆرەوە تووشی کێشە بووە و دۆزراوەتەوە".
 
بەگوێرەی میدیای نێوخۆیی، ژمارەیەکی زۆری خەڵک، کە دەگوترێت خزم و کەسی کۆچبەرانن، چوونەتە نزیک بەندەری تەرابلوس بۆ ئەوەی سۆراخی کەسوکاریان بپرسن.
 
لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی سووریا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە نزیکەی 100 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان لە لوبنانەوە بەڕێکەوتبوون. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم هەزار و 570 کەس لەنێویدا 186 کەسی لوبنانی لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە هەوڵیانداوە لە لوبنانەوە خۆیان بگەیێننە قوبرس. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوبرس تەنیا 175 کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە.