بڕیاری قەدەخەکردنی کیسی نایلۆن لە نانەواخانە و سەمونخانەکان لە 10 رۆژدا جێبەجێدەکرێت

30-07-2019
هونەر رێبوار
نیشانەکردن نانەواخانە ، کیس
A+ A-
رووداو- هەولێر 

سەرپەرشتیاری لیژنەکانی تەندروستی و خۆراک لە سلێمانی رایدەگەیێنێت بڕیاری قەدەخەکردنی کیسی نایلۆن لە نانەواخانە، فڕن و کولێرەخانەکان دەخرێتەبواری جێبەجێکردن و دەبێت لەماوەی 10 رۆژدا جێبەجێبکرێت، هەر شوێنێك پابەندی بڕیارەکە نەبێت سزای یاسایی دەدرێت.

لەشکر حەمید، سەرپەرشتیاری لیژنەکانی تەندروستی و خۆراک لە سلێمانی دەڵێت ئێستا ماوەی ١٠ رۆژ داندراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی کە لە ساڵی ٢٠١٦ دەرچووە و نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

لەشکر حەمید، کە ئەندازیاری خۆراک و سەرپەرشتیاری لیژنەکانی تەندروستی و خۆراکە لە سلێمانی روونیدەکاتەوە هەڵگرتنی خۆراک لەنێو کیسی نایلۆن ئەگەر ماددەکە گەرم بێت یان لە شوێنی گەرم دابندرێت بەهیچ جۆرێك سەلامەت نییە، دەشڵێت ماوەی چەندین ساڵە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان لەبارەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی کیسی نایلۆن و بەکارهێنانی کیسی کاغەز وەک جێگرەوەیەکی دروست دەکەن، ئەمەش چونکە کیسی کاغەز لە دار دروستدەکرێت و سەلامەتە. 

ئەندازیارەکەی خۆراک دەڵێت هەڵگرتنی خۆراک لە نایلۆندا ئەگەر بێت و خۆراکەکە گەرم بێت یان لەشوێنی گەرم دابندرێت سەلامەت نییە، چونکە لە پلەی گەرمی بەرزدا ماددە کیمیاییەکانی نێو نایلۆنەکە دەچنە خۆراکەکەوە و مەترسیی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان دروستدەکەن. 

بەپێی ئامارەکان لە سلێمانی 934 نانەواخانە، 451 فڕنی سەموون و 50 شوێنی کولێرە بە قیمە هەن کە بڕیارەکەیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت و دەبێت لەماوەی 10 رۆژدا پابەند بن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە