توێژینەوە: ئەوانەی فرەژنن زۆرتر تووشی نەخۆشیی دڵ دەبن


رووداو- مێدیكاڵ نیوز تودەی


توێژینەوەیەكی نوێ كە لە كۆنگرەی ئاسیا و زەریای هێمن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ پێشكەشكرا دەلێت فرەژنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەكات، توێژینەوەكە دەڵێت هەتا ژمارەی هاوسەرەكانی پیاوێك زیاد بكات، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆییەكانی دڵ زۆرتر دەبێت.

پێشووتر سەلمێنراوە كە هاوسەرگیری رۆڵێكی ئەرێنیی هەیە لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی مرۆڤدا، بەڵام ئەمە یەكەمینجارە لە رێگەی توێژینەوەی زانستییەوە پەیوەندی دەدۆزرێتەوە لەنێوان فرەژنی و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ.

فرەژنی بەزۆری لە باكوور و رۆژئاوای ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نێوەڕاستی ئاسیا و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پیادە دەكرێت و لە هەندێك باردا پیاوێك لە هەمانكاتدا چوار ژنی هەیە.

توێژینەوە زانستییەكە لە پێنج نەخۆشخانەی عەرەبستانی سعودی و ئیمارات ئەنجامدراوە و تـیدا 687 پیاوی خێزاندار بەشداربوون كە نێوەندی تەمەنیان 59 ساڵ بووە.

لەنێو بەشداربوواندا 56% یان شەكرەیان هەبووە، 57% یان بەرزی فشاری خوێن، 45% یشیان پێشووتر تووشی نەخۆشیی دڵ بوونە. هەروەك 68% یان یەك ژنیان هەبووە، 19% دوو ژنە و 10% سێ ژنە و 3% چوار ژنە بوون. ئەوانەی فرەژن بوون بەتەمەنتر بوون و زیاتر لە ناوچە گوندییەكان ژیاون و بەگشتی دەوڵەمەندتر بوونە و لە هەمانكاتدا زۆرتر نەشتەرگەری چاندنی بۆری خوێنی دڵیان بۆ كراوە.

سروشتی پەیوەندییەكە


بەپێی ئەو توێژینەوەیە  ئەو پیاوانەی فرەژن بوون ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ 4.6 هێندە زیادی كردووە، هەروەك تووشبوونیان بە خوێنبەری سەرەكی لای چەپی دڵ 3.5 هێندە و نەخۆشی ژمارەیكی زۆری بۆرییە خوێنەكانیشیان بە راددەی 2.6 هێندە زیادی كردووە.

دكتۆر ئەمین دەولە پزیشكی پسپۆڕی دڵ لە نەخۆشخانەی پسپۆریی شافەیسەڵ و سەنتەری توێژینەوەی جیددە سەبارەت بە هۆكاری ئەو پەیوەندیە نەرێنییەی نێوان فرەژنی و نەخۆشییەكانی دڵ دەلێت "پێدەچێت بەهۆ ئەوە بێت كە فرەژنەكان بەهۆی دانانی ماڵی جیاواز بۆ هەر ژنێك تووشی سەختیی دارایی ببنەوە، هەروەك فشاری دەروونیش پەیدا دەبێت كاتێك هەمیشە لە خەمی پاراستنی یەكسانی نێوان هاوسەرەكان و منداڵەكانیان دەبێت".

هەندێك وردەكاری لێك نەدراوەتەوە


تویژینەوەكە نەچووەتە درێژەی هۆكارە مەترسیدارەكانی وەك راددەی وەرزشكردن، ئاستی هاوسۆزی، نەریتی خۆراكی و هۆكاری بۆماوەیی هەریەك لە نەخۆشەكان.

بەوجۆرە توێژینەوەكە تەنیا پەیوەندی بینیوەتەوە لەنێوان فرەژنی و نەخۆشییەكانی دڵدا و هیشتا ناتوانرێت بە دڵنیاییەوە بگوترێت كە فرەژنی راستەوخۆ دەبێتەهۆی نەخۆشكەوتنی دڵ.

ئەنجامی توێژینەوەكە  29ی نیسان لە ماڵپەڕی بەنێوبانگی مێدیكاڵ نیوز تودەی بڵاوبۆتەوە.