بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئامارەکانی ئایدز رادەگەیێنێت

29-11-2017
هونەر رێبوار
د. میران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
د. میران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
نیشانەکردن ئایدز
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت لەماوەی نۆ ساڵی رابردوودا حەوت حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز تۆمارکراون و ئێستا لای ئەوان چارەسەر وەردەگرن. 

د. میران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، جگە لەو نۆ حاڵەتەی کە خەڵکی سلێمانین و ئێستا لە سلێمانی دادەنیشن، 54 حاڵەتی دیکەیان تۆمارکردووە کە خەڵکی بیانی بوون و دوای دەستنیشانکردنیان وەک تووشبووی نەخۆشیی ئایدز، گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان. 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەشڵێت، پلانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکەیان جێبەجێکردووە و ئێستا لە سلێمانی بەشێكی تایبەت بە ئایدزیان کردووەتەوە، لەڕێگەی ئەم بەشەوە چاودێری سەرتاشخانە و سەنتەرەکانی مەساج دەکەن، هەروەها پشکنینی خوێن بۆ سەرجەم خوێنبەخشان، نەخۆشان لە پێش نەشتەرگەری و هەموو دوو هاوژینێک لەپێش پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن. 

د. میران محەممە راشیگەیاند، جگە لە پشکنینە پێشوەختەکان ئەوان سیستمێكی هۆشیارییان خستووەتە پەیڕەوی خوێندن، هەروەها بۆیەکەمجار سەنتەرێكی پەرەپێدانیان کردووەتەوە بۆ پێدانی وانەیەک لەسەر ئایدز، نەخۆشییەکانی ژنان و چۆنییەتی پەیوەندی نێوان ژن و مێرد. 

ئایدز چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟

کۆنیشانەی ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی HIV تووشی مرۆڤ دەبێت کە بەرگری جەستەی مرۆڤ لاوازدەکات و سیستمی بەرگری دەگۆڕێت، وادەکات کەسی تووشبووی زۆرتر مەترسیی تووشبوونی بە نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە هەبێت. ئەمەش وادەکات مەترسی زیاتر لەسەر کەسی تووشبوو هەبێت. 

نەخۆشییەکە لە کەسێكەوە بۆ کەسێكی دیکە لەڕێگەی تۆواو، شلەکانی ئەندامی زاوزێی پیاوان و خانمان، خوێن و شیری دایک بگوازرێتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە