سیمپۆزیەمی رووبەڕووبوونەوەی ئایدز لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

29-11-2017
هونەر رێبوار
قردێلەی لۆگۆی ئایدز
قردێلەی لۆگۆی ئایدز
نیشانەکردن ئایدز
A+ A-

رووداو - سلێمانی

کۆلێژی تەندروستی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی سیمپۆزیەمێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئایدز لە سلێمانی سازدەکات و ئاماری حاڵەتی نوێش لەبارەی تووشبوانی ئایدز دەخاتە ڕوو.

جەمال ئەحمەد جەمیل، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، رایگەیاند: سێمپۆزیەمەکە لەلایەن کۆلێژی تەندروستی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی رێکخراوە، نیشینگەی سلێمانی و رێکخراوی میدیا بۆ شیکاری نەخۆشییەکان و تەندروستی سلێمانی تێیدا بەشدارن.

پەیامنێری رووداو دەڵێ: ئامانج لە سێمپۆزیەمەکە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدزە لە هەرێمی کوردستان، بە گوتەی ئەوان ئامانجیان ئەوەیە هۆشیاری تەندروستی و خۆپاراستن بڵاوبکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان تەشەنە نەکات، چونکە چەند حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

پەیامنێری رووداو دەشڵێ: بڕیارە ئەمڕۆ چەند ئامارێک لە سێمپۆزیەمەکە بخەنەڕوو، بەپێی ئامارەکە کەمترین حاڵەت لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەراود بە ناوچەکە و ولاتانی جیهان، لە هەرێمی کوردستانیش تاوکو ئێستا 20 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون، کە لەژێر چارەسەرکردندان. 

پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەکات، لە سێمپۆزیەمەکە ئامار و حاڵەتی نوێ دەخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت بەر بگیرێت لە زیاتربوونی ئەو حاڵەتە، هاوکات پلانی خۆیان دەخەنەڕوو، چاودێریکردنی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانیش بە گرنگ دەزانن لەکاتی هاتنی خەڵکی بیانی پشکنینی ورد ئەنجام بدرێت.

لە 1ی دیسەمبەر، رۆژی جیهانی ئایدز نزیکدەبینەوە، ساڵانە لە رۆژی جیهانی ئایدز لە سەرانسەری جیهانی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکە دەدرێت، سەرجەم رێکخراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری تەندروستی لەبارەی نەخۆشییەکە و ئامارەکان دەخەڕوو، لە باشووری کوردستانیش کاردەکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و ئامارەکانی نەخۆشییەکە. 

ئایدز چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟

کۆنیشانەی ئایدز بەهۆی ڤایرۆسی HIV تووشی مرۆڤ دەبێت کە بەرگری جەستەی مرۆڤ لاوازدەکات و سیستمی بەرگری دەگۆڕێت، وادەکات کەسی تووشبووی زۆرتر مەترسیی تووشبوونی بە نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە هەبێت. ئەمەش وادەکات مەترسی زیاتر لەسەر کەسی تووشبوو هەبێت. 

نەخۆشییەکە لە کەسێكەوە بۆ کەسێكی دیکە لەڕێگەی تۆواو، شلەکانی ئەندامی زاوزێی پیاوان و خانمان، خوێن و شیری دایک بگوازرێتەوە. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە