رووداو-سلێمانی
تۆماس پرایس وەزیری تەندروستی ئەمریکا لەژێر گوشاری سەرۆک ترەمپ دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، پاش ئەوەی بڵاوبووەوە کە فڕۆکەی تایبەت و گرانبەهای بۆ کارەکانی وەک وەزیر بەکارهێناوە.
رۆژی هەینی 29ی ئەیلوول سەرۆک ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت کە ئەو زۆر هەست بە بێهیوایی دەکات بەهۆی ئەوەی وەزیری تەندروستی، گەشتی فڕۆکەوانیی گرانبەهای بەکارهێناوە بۆ راییکردنی کارەکانی. هەر چەند کاژێر پاش لێدوانەکەی ترەمپ، وەزیری تەندروستی وازی لە پۆستەکەی هێنا.
هەر هەمان رۆژ کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی "تۆماس پرایس، وەزیری تەندروستی و خزمەتە مرۆییەکان، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە و سەرۆک ترەمپ رەزامەندیی لەسەر داوە".
سەرۆک ترەمپ داوای لە دۆن رایت، جێگری یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروبارە تەندروستییەکان، کرد کارەکانی وەک وەزیری تەندروستی راییبکات.
پێنجشەممە 28 ی ئەیلوول، تۆماس پرایس ئامادەیی دەربڕیبوو هەموو ئەو پارەیە بۆ خەزێنەی حکومەت بگێڕێتەوە کە بۆ گەشتەکانی بە فڕۆکەی تایبەت خەرجکراون.
رۆژی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ دڵتەنگی خۆی دەربڕی لەوەی راپۆرتەکان دەڵێن لە مانگی ئایاری رابردووەوە وەزیری تەندروستی وڵات 24 گەشتی بە فڕۆکەی تایبەت ئەنجامداوە بۆ راییکردنی کارە فەرمییەکانی.
بۆ یەکەمجار گۆڤاری "پۆڵێتیکۆ"ی ئەمریکی ئاشکرایکرد کە وەزیری تەندروستی وڵات بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بۆ راییکردنی کارەکانی، بڕی 400 هەزار دۆلاری لە داهاتی باج و سەرانەی هاووڵاتییان خەرجکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ