لە ئۆرۆگوای کارگەیەک زەیت لەگەڵای ماریوانا درووست دەکات

رووداو - هەولێر

لەناوچەی سویزا، لە باشووری ئۆروگوای ئەمریکای باشوور، کارگەیەکی تایبەت بە درووستکردنی زەیتی گەڵای ماریوانا دروستدەکرێت، کە هەناردەی دەرەوەی وڵاتی دەکات و دەڵێت بەمەبەستی تەندروستی و دروستکردنی دەرمان سوودی لێوەردەگرن. 

جۆردن لویس، خاوەن کارگەی درووستکردنی زەیتی گەڵای ماریوانا دەڵێت، ئامانجی ئەوان زیادکردنی بەرهەمی زەیتی ماریوانایە کە لە درووستکردنی دەرمانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، ئازار و کێشە دەروونییەکان بەکاردەهێندرێت.

لویس ئاماژە بەوەشدەدات "کاتێك کە گەڵاکان بە پرۆسەی گوشیندا تێپەڕدەبن، زەیتی گەڵاکان وەردەگرین و پاشماوەکانی دیکە فڕێدەدەین.  ئامانجی ئێمە زیادکردنی بەرهەممانە لە شەش تۆنەوە بۆ 10 تۆن و پاشان بۆ 30 تۆن".

زۆربەی خواست لەسەر زەیتی گەڵای ماریوانا لە کەنەدا، ئەوروپا و ئوستورالیایە.

راپۆرتە نێودەوڵەتییە پزیشکییەکان، پێشبینی دەکەن بەهای بازاڕی یاسایی ماریوانا تاوەکو ساڵی 2025 بگاتە نزیکەی 147 ملیار دۆلاری ئەمریکی.