پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی دەكات
رووداو- هەولێر
پەرلەمانی عێراق خوێنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی دەكات و پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی تەندروستیش دەڵێت "دەبێت ئێستا سندووقێك بۆ خۆپاراستن دابنێین، نەك بەناوی بیمەوە پارە لە خەڵكی وەربگرین".
د.میران محەممەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند بۆ ئێستای عێراق دژی پڕۆژەیەكی لەو جۆرەیە و دەشڵێت "هێشتا چەندین كەموكوڕیمان لە بوارەكانی خۆپاراستن هەیە، هێشتا ئاوی خواردنەوە وەكو پێویست پاك نییە، چارەسەری ئاوەڕۆ نەكراوە، ئیتر چۆن بەناوی بیمەوە پارە لە خەڵكی وەربگرێت".
ئەندامە كوردەكەی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "ئەگەر ئەو كەموكوڕییانەی بواری خۆپاراستن چارەسەربوون یان كەمبوونەوە، دەكرێت دوای ئەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا باس لە بیمەی تەندروستی بكەین، بۆیە لەئێستادا دژی ئەوەم خوێنەوەی یەكەمیش بۆ پڕۆژە یاسایی بیمەی تەندروستی بكرێت".
پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی لە 49 ماددە پێكهاتووە بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، هەرچەندە بەپێی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە بەشداری كردنی خەڵكی بۆ بیمەی تەندروستی ئارەزوومەندانەیە، بەڵام دەبێت مووچەخۆری حكومی بەشداری بكات، مانگانە بەپێی پلەكەی لە 10هەزار دینارەوە تاوەكو 100هەزار بەشدار بێت.
داڕشتنەوە: هونەر رێبوار