ناووكە قەیسی..چارەسەری شێرپەنجەیە یان مەترسیدارە بۆ تەندروستی؟


رووداو-سلێمانی

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك نێوەندی مێدیایی بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە شێرپەنجە هیچ نییە جگە لە كەمیی ڤیتامین (B17) و ئەو ڤیتامینەش لە ناووكی قەیسیدا هەیە، بۆیە بە بۆچوونی ئەوان خواردنی قەیسی بەسە هەم بۆ تووشنەبوون بە شێرپەنجە و هەم بۆ رزگاربوون لە شێرپەنجە..پۆرتاڵی مێدیكاڵ نیوز تودەی پێداچوونەوەیەكی وردی زانستی ئەنجامداوە لەسەر ناووكە قەیسی، سوود و مەترسییەكانی.


سەرەڕای ئەو سوودانەی ناووكی قەیسی (یان هەڵووژە و هاوشێوەكانیان) هەیەتی، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن كە ماددەیەكی نێو ناووكە قەیسی لە جەستەدا دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی ژەهرینی سیانید.

كەواتە ئایا خواردنی ناووكەقەیسی رێگەیەكی جێگرەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە یان مەترسییەكی دیكەی زیادەیە بۆسەر تەندروستی جەستە.

پێكهاتەی ناووكەقەیسی

ناووكی قەیسی پێكهاتووە لە پرۆتین (25%)، رێژەیەكی زۆر لە چەوری (50%) و كاربۆهێدرات 8%.  ئەوە جگە لە ریشاڵە خۆراكییەكان.

چەورییەكانی نێو ناووكەقەیسی

لە ناووكە قەیسیدا چەورییە بەسوودەكانی ئۆمێگا-3 و ئۆمێگا-6 هەن كە جەستە ناتوانێ درووستیان بكا و هەر دەبێ لە خۆراكەوە وەربگیرێن و چەندین سوودیان بۆ تەندروستی جەستە هەیە.

كانزا و ڤیتامینەكان

بە ڤیتامین (E) دەوڵەمەندە و بڕێكی ئەوتۆی كانزا و ڤیتامینەكانی دیكەی تێدا نییە.

بۆچی دەگوترێ ناووكەقەیسی دژی شێرپەنجەیە؟

قەیسی سوودی تەندروستی هەن، بەڵام بۆ دەگوترێ دژە شێرپەنجەیە؟
پاڵنەری پشت ئەو بۆچوونە ماددەیەكە بەنێوی (ئەمیگدالین) كە بە گوتەی ئەوان هێرشدەكاتە سەر خانە شێرپەنجەییەكان و قەڵاچۆیان دەكات.

ئەمیگدالین چییە؟

ئەمیگدالین ماددەیەكی سرووشتییە و لە ناووكە قەیسیدا هەیە. جگە لەوە، لە ناووكی چەندین میوەی دیكەدا هەیە، وەكوو: سێو، هەڵووژە، قۆخ و گێلاس.

ئەمیگدالین لەدوای خواردنی لەنێو جەستەدا دەگۆڕدرێت بۆ ژەهری مەترسیداری سیانید.

سیانید خانەكانی جەستە لە بەكارهێنانی ئۆكسجین رادەوەستێنێ و سەرەنجام دەیانكوژێ. لەبەرئەوەی مێشك و دڵ زۆرترین ئۆكسجینیان پێویستە، لە هەموو ئەندامەكانی جەستە زۆرتر تووشی مەترسی بڕانی ئۆكسجین دەبنەوە.

توێژینەوەكان دەڵێن 0.5-3.5 میللیگرام لە سیانید بۆ هەر كیلۆگرامێكی كێشی جەستە، كوشندەیە.

خواردنی 50-60 ناووكەقەیسی، بڕێكی كوشندە لە سیانید دەكاتە جەستەوە، ئەگەر بڕی زۆر لەوە كەمتریش بخۆی هەر مەترسی ژەهراویبوونت بە سیانید هەیە.

ئەو ماڵپەڕانەی رێنمایی خەڵكی دەكەن ناووكە قەیسی بخۆن، دەڵێن كەسانی ئاسایی رۆژانە 5-10 ناووك و تووشبووانی شێرپەنجەش رۆژانە 60 دانەیان پێویستە!

دەزگای سەلامەتیی خۆراك لە ئەوروپا هۆشداریدەدات كە لە كەسانی پێگەیشتوودا خواردنی سێ ناووكی بچووك یان یەك ناووكی گەورەی قەیسی، بڕێكی نەخوازراو لە سیانید دەكاتە جەستە، یەك ناووكی بچووكیش منداڵ ژەهراوی دەكات!

ڤیتامین (B17) چییە؟

ڤیتامین (B17) كە پێیشی دەگوترێ Laetrile لە كارلێكی ئاو و ئەمیگدالینەوە پەیدا دەبێت.

Laetrile ساڵی 1961 ناسرایەوە و ساڵی 1970 نێوبانگی پەیداكرد. زانایەكی بایۆ كیمیایی بەنێوی ئیرنست كریبس گوتی كە شێرپەنجە بەهۆی كەمیی ماددەی Laetrile روودەدات و هەر ئەویش بوو كە ماددەكەی ناونا ڤیتامین (B17).

دەزگای خۆراك و دەرمان (FDA)ی ئەمریكی دانی بەو ڤیتامینەدا نەناوە بۆ بەكارهێنان لە مرۆڤدا، چ وەك خۆراك و چ وەك دەرمان و دەڵێ ماددەیەكی سەلامەت نییە بۆ مرۆڤ. هیچ بەڵگەیەكی ستانداردی زانستیش نییە بیسەلمێنێ ڤیتامین B17 هیچ سوودێكی هەیە بۆ هیچ نەخۆشییەك.

تاكو ئێستا هیچ بەڵگەیەك نییە دەریبخات هیچ سوودێكی هەیە لە رووی رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجە یان چارەسەری ئەو نەخۆشییە.

كێ دەڵێ ڤیتامین (B17) بۆ شێرپەنجە باشە؟

ئەو ماڵپەڕانەی بانگەشە بۆ رۆڵی ئەرێنی ڤیتامین (B17) دەكەن لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەدا، پشت بە بەڵگەی مشتومڕاوی و بیروڕای بێ پاڵپشتی زانست دەبەستن. لە راستیدا هیچ بەڵگەیەكی جێگە متمانە نییە بیسەلمێنێ ئەو ڤیتامینە بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەستدەدات.