ئایا گۆشت هێندەی جگەرە مەترسیدارە؟

رووداو-بی بی سی

لە راگەیەندراوێكدا كە دەنگدانەوەیەكی جیهانیی بەرچاوی هەبوو، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند كە گۆشتی دەستكرد یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە، هەروەك گۆشتی سووریش رەنگە ئەگەری تووشبوون زیاد بكات.

كەواتە گۆشتی دەستكرد چییە؟

گۆشتی دەستكرد گۆشتێكە كە بە مەبەستی زیادكردنی تەمەنی، یان گۆڕینی تامەكەی، هەندێك گۆڕانكاریی تێداكراوە. لە كۆمەڵگە سوننەتییەكاندا بە دووكەڵ قان دەدرێ و لە كۆمەڵگە پیشەسازییەكانیش لە قوتودەنرێ و ماددەی پارێزەری تێدەكرێ.

گۆشتی دەستكرد بە بەشێكی بەرچاوی خواردنە خێراكان دادەنرێ، وەكوو: سۆسج، هۆتدۆگ، سالامی، گۆشتە جیاوازە لە قوتونراو و هەڵگیراوەكان.

بۆچی دەبنەهۆی شێرپەنجە؟


ئەو دەستكاریكردنانەی گۆشت دەبنەهۆی بەرهەمهێنانی ماددەگەلی تووشكەر بە شێرپەنجە. 

لە شێوازەكانی ئامادەكردنیشدا، وا بڕوادەكرێ برژاندنی گۆشت (ئەویش جۆرێكە لە بە دوكەڵدانی گۆشت) ببێتەهۆی پەیدابوونی ماددەگەلی رێگەخۆشكەر بۆ شێرپەنجە.

لەگەڵ ئەوەشدا سرووشتی پەیوەندی نێوان گۆشتی دەستكرد و شێرپەنجە هێشتا تەواو روون نییە، لانیكەم لەلای رێكخراوی تەندروستی جیهانی.

ئأستی مەترسییەكە چەندە؟


ئەگەر رۆژانە 50 گرام گۆشتی دەستكرد بخۆی، ئەوە ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجە بە راددەی 18% زیاددەكات.

سەبارەت بە گۆشتی سووری فرێش، وا بڕوا دەكرێ ئەگەر رۆژانە 100 گرامی لێبخۆی، ئەوە ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجە بە راددەی 17% زیاددەكات. بەڵام تەندروستی جیهانیی دەڵێت ئەمەیان جارێ توێژینەوەی زیاتری پێویستە و بەڵگەكان وەك پێویست بەهێز نین.

ئاستەكانی توانای تووشكردنی شێرپەنجە بەهۆی ماددە جیاوازەكان لای رێكخراوی تەندروستی جیهانیی 5 ئاستن. كە ئاستی یەكەم مەترسیدارترینە و ئاستی پێنجەم لاوازترین. لەنێو ئەو ئاستانەدا گۆشتی دەستكرد ریزبەندی ماددەكانی گرووپی یەكی وەرگرتووە و گۆشتی سووری فرێش ئاستی دووەم.

لە گرووپی یەكەمدا، هاوكات لەگەڵ گۆشتی دەستكرد، هەریەكە لە جگەرە و كحوول و پلۆتینۆم هەن. هەندێك كەس بە هەڵە وەها تێگەیشتوون كە گۆشتی دەستكرد بەهۆی ئەوەی لە هەمان گرووپدایە، كەواتە هێندەی جگەرە و كحوول مەترسیدارە، بەڵام لە راستیدا وانییە و مەرج نییە ئەندامانی هەمان گرووپ هەمان مەترسییان هەبێت.

ئایا گۆشت هێندەی جگەرە مەترسیدارە؟


نەخێر وانییە.

بەپێی خەمڵاندنەكان، ساڵانە 34 هەزار كەس كە بە شێرپەنجە دەمرن، هۆكارەكەی زۆر خواردنی گۆشتە دەستكردەكانە.

بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا ساڵانە ملیۆنێك كەس كە بە شێرپەنجە دەمرن هۆكارەكەی جگەرەیە و 600 هەزاریشیان هۆكارەكەی كحولە.

لەو بەراوردەوە تێدەگەین، راستە بەڵگە دەستكەوتووە كە گۆشتی دەستكرد هۆكارێكی تووشبوون و مردنە بە شێرپەنجە و بەو هۆیەشەوە خراوە لیستی ژمارە یەكی ماددە تووشكەرەكان بە شێرپەنجە، بەڵام هێندەی جگەرە و كحولیش مەترسیدار نییە.

دەبێ چەندە گۆشتی سوور بخۆین؟

رێكخراوی تەندروستی جیهانیی هێشتا ستانداردێكی تەواو وردی دانەناوە بۆ ئەو بڕە گۆشتە سوورەی سەلامەتە بیخۆین.

بەڵام دەزگای جیهانیی بۆ لێكۆڵێنەوە لە شێرپەنجە دەڵێت تا دەتوانن كەم گۆشتی دەستكرد بخۆن و هەفتانەش زیاتر لە 500 گرام گۆشتی سوور نەخۆن.

لە بەریتانیاش رێنمایی فەرمی دەزگا تەندروستییەكان ئەوەیە رۆژانە زیاتر لە 70 گرام گۆشتی سوور نەخۆیت.

ببینە گیاخۆر؟


گۆشت سەرچاوەیەكی باشی پرۆتین، ڤیتامین بی و كانزاكانی وەك ئاسن و زینكە.

فرانكلین فیلیپس گوتەبێژی كۆمەڵەی زانستی خۆراكی بەریتانی دەڵێت "پەیامی من ئەوەیە بە تەواوەتی لە گۆشت دوورنەكەونەوە، چونكە گۆشت بە چەندین رەگەزی خۆراكیی دەوڵەمەندە".

فیلیپس لەبارەی دەركەوتنی پەیوەندیی نێوان شیرپەنجە و گۆشت هەروەها دەڵێ "پەیامە گشتییەكە ئەوەیە كە با گۆشت وەك بەشێك لە خۆراك بمێنێتەوە، بەڵام دەبێ ئیدی بیر لەوە بكەنەوە بڕی خۆراكە رووەكییەكان لە ژەمەكانتاندا زیاتر بكەن، بەتایبەت پاقلەمەنییەكان".

فیلیپ داوا دەكات هەندێك لە رۆژانی هەفتە هیچ بڕێك لە گۆشت نەخۆین.