دەستەکەی دیکەی سەنا چی لێدێت ؟


لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک چوومە لای سەنا، لە باوەشم گرت و لەناخەوە کوڵاندمی، ئەوکاتە بیرم لەوە دەکردەوە، سەنا بۆ چارەسەری سکچوون برایە نەخۆشخانە، دەستیشی چوو.

ئەوەی بووە هۆکاری بڕینەوەی دەستی سەنا، نەبوونی سیستمێکی تەندروستی تۆکمەی سەردەمییە، کە بتوانێت خواست و داواکارییەکانی هاونیشتمانیان جێبەجێبکات، بە هەند وەرنەگرتنی کەرتی تەندروستی لەلایەن بڕیاربەدەستە راستەقینەکانی وڵاتەوە، پشتگوێخستن و فەراهەمنەکردنی پێداویستی و کۆڵەگە سەرەکییەکانی کەرتەکە، دەنگ نزمی نوێنەرانی کەرتی تەندروستی لە ئەنجوومەن و ژوورە باڵاکانی وڵات هۆکارگەلێکی بێدەنگی ترسناکن بۆ بڕینەوەی دەستی سەنا و روودانی ئەو هەموو هەڵە پزیشکییەی کە کۆتاییان نایەت.

سیستمی تەندروستی نا تەندروست

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسی یەکەمی بڕینەوەی دەستی سەنایە، بە ناو سیستمێکی تەندروستی کۆنت هەیە، بودجەیەکی کەمت بۆ داناوە، ئێستا نا، کە پارە لەگەڵ باران دەباری بودجەی وەزارەتی تەندروستی هەر کەم بوو، مووچەی پزیشکێکی گەنج کە دەیەوێت ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و زانستی خۆی دروستبکات، دوای سێ مانگ چاوەڕوانی، ئینجا دوای هەموو وەزارەت و کەرتە جیاوازەکان، بۆ 30 رۆژ دەوامی بێ پشوو و جێبەجێکردنی ئەرکی چەندین پزیشکی دیکەی زویر و کۆچکردوو 490 هەزار دینارە، ئامێر و کەرەستەی پزیشکیشی لەژێردەستدا نین، یان هەن و کۆنن، یانیش نوێن و بەرگەی ئەو هەموو فشارە ناگرن کە لەسەریانە، دەتەوێت لە رۆژێکدا بە تەنیا ئێشکگری نەخۆشخانەیەکی تەواوبکات و هەڵە نەکات؟ 

کە سووری لەسەر ئەوەی نابێت یەک تاکە هەڵەش لە کەرتی تەندروستی رووبدات، بیرێکیش لە چاڵ و چەوێڵەکانی رێگە و بان بکەوە، رێگەی مەرگ دەناسی؟ دەزانی رۆژانە لە باشووری کوردستان سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانلەدەستدەدەن؟ ئەی خراپی رێگە و بان هەڵەیە ؟ دڵنیام دەڵێی هەر هێندە بودجەت هەیە و تواناکانی وەزارەتی شارەوانی هەر ئەوەندەن.

کە ژێرخان و سەرخانێکی رووخاوی تەندروستیت هەیە و دەشتەوێ خزمەتگوزارییەکەت ئەڵمانی بێت، بیرێکیش لە کارەبا بکەوە، کە پلەی گەرما پەنجا تێدەپەڕێنێت و کارەبا لەسەر هاونیشتمانیان دەبڕیت، هەڵەیە؟ نا ئەوە هی ئەوەیە کە هەر ئەوەندەت لە توانادا هەیە.

ئاخر تەندروستیش وەکو هەموو کەرتەکانی دیکەی وڵاتە، کەموکوڕی لە هەموو کەرتەکاندا هەیە، بەڵام لە تەندروستی هەستیارترە، چونکە پەیوەستە بە ژیان و گیانی مرۆڤەوە.

راگەیاندن لە دەرەوەی بازنەیە

هەڵەیەکی ترسناکتر لە هەڵەی پزیشکی ئەوەیە کە زۆرینەی رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارانت ئامادەبن بۆ زیادکردنی کلیکێک لەسەر هەواڵەکەیان، هەرچی جوانییە بیڕوخێنن، کارکردنی نەزانانە یان بە مەبەست بۆ نەهێشتنی متمانەی هاونیشتمانیان بە پزیشکان و کەرتی تەندروستی وڵات زیان بەو هەزار منداڵە دەگەیێنێت کە رۆژانە هیوایەکیان بە نەخۆشخانەی هێڤییا زارۆکان هەیە لە دهۆک، ئەو پێنج هەزار هاونیشتمانییە هیوابڕ دەکات، کە رۆژانە سەردانی نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەکانی پایتەخت دەکەن، ئەو هەموو تووشبووەی شێرپەنجە بێهیوا دەکات، کە رۆژانە بۆ چارەسەری روو لە نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی دەکەن.

کە تۆ نازانیت جیاوازی لەنێوان سیسەمەکەی خۆت و بێدی یەکەی چاودێری چڕی هەناسە چییە، کە بە کانیوڵا دەڵێیت کانونا، کە نازانیت دانانی کانیوڵا کاری پەرستارە یان پزیشک، کە لە پۆلیسی بەر دەرگاوە تا دوا پلەی زانستی بە هەمووی دەڵێی دکتۆر، کە ئەلف و بێی زانستی پزیشکی نازانیت، چیت داوە لە هەواڵی تەندروستی؟

من وای دادەنێم کە تۆ راگەیاندنکاری ژمارە یەکی کوردی، بەڵام خۆ باسی تەندروستی و پزیشکی پەیوەندی تەلەفونی نێوان دوو سیاسی نییە بیکەی بە هەواڵ؟

باسکردنی تەندروستی و نەخۆشخانە وەک باسکردنی بۆرسە وایە، تۆ هیچ لە ژمارەکانی بۆرسە تێدەگەیت ؟ ئاخر تەندروستیش وایە پسپۆرییەتێکی وردی هەستیارە، ئەگەر خۆت بە پرۆفیشناڵ دەزانیت یەک وشەی لەسەر مەڵێ، چاکی مەکە با تێکترنەچێت.

من راگەیاندکارم و شانازیشی پێوەدەکەم، بەڵام هیچ لەسەر سیاسەت ناڵێم چونکە لێینازانم، باسی بۆرسەش ناکەم، هەواڵی وەرزشیش نانووسم، شرۆڤەش بۆ دیپلۆماسییەتی وەزیری دەرەوە ناکەم، چونکە ئەمانە بکەم هەڵەیەکی گەورە دەکەم.

بڕینەوەی دەستەکەی دیکەی سەنا

ئەمانەی سەرەوە پاکانە نین بۆ هەڵە یان کەمتەرخەمی پزیشکی، من لەگەڵ ئەوەدام هەڵەکاران و کەمتەرخەمان سزای یاسایی تووندی خۆیان وەربگرن، نابێت چاوپۆشییان لێبکەین و نەرمییان لەگەڵ بنوێنین، بەڵام ئەگەر بڕیاربەدەستانی وڵات نەکەونەخۆ، گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیان هەیە، کەرتی تەندروستی ئێستا مەترسییە بۆ سەر تەندروستی هاونیشتمانیان، ئەوەی هەیە سیستم نییە، ئاشی بێکەسە و خواش نایبات بەڕێوە.

ئەگەر تێگەیشتنی حکومەت بۆ کەرتی تەندروستی نەگۆڕێت، هەرچی سەنایە دەستی دەبڕێتەوە، ئەگەر چاککردنی کەرتی تەندروستی لە دروشمەوە نەکرێتە پرۆژە و جێبەجێ نەکرێت، دەبێت چاوەڕوانی قوربانی دیکە بکەین، سەنا دواهەمین قوربانی نابێت.