لە هەڵەبجە فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچێت


رووداو- هەولێڕ 

لە هەڵەبجە فێستڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچێت و جووتیارانی هەنار لە هەڵەبجە دەڵێن نهێنی تەمەندرێژی ئەوان خواردنی خۆراکە سرووشتیییەکان و لەنێویشیاندا هەنارە. 

لەبارەی کاریگەرییەکانی هەنار و سوودەکانی لەسەر تەمەندرێژی، پەیمانگای پۆلیتەکنیکی فیدڕالی لاوسان لە سویسڕا رایدەگەیێنێ ماددەیەکیان لەنێو هەنار دۆزیوەتەوە کە تایبەتمەندی دژە پیربوونی هەیە. 

توێژەرانی پەیمانگا سویسڕییەکە دەڵێن ماددەی یورۆلیسین A"urolithin A"، توانای بەرهەڵستی ماسولکەکان بەرێژەی 42% زیاددەکات و پیربوونیان دوادەخات. 

تیمەکەی پەیمانگا سویسڕییەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەر کاردەکات بۆ دەرکێشانی ماددەیەک لەو بەرهەمانەی نێو هەنار، تاکو بتوانێت هێزی ماسولکەکان زیادبکات و بەرهەڵستیان زیادبکات کاتی چوونە تەمەن. ئەو دەڵێت ئەو ماددەیە بە تەواوی سروشتییە و کاریگەرییەکەی زۆر بەهێزە و پێوانەنەکراوە.