ئەو خۆراکانەی سێکس باش دەکەن

رووداو-سلێمانی

سێکس لە پیاواندا سێ بابەتی سەرەکی دەگرێتەوە؛ رەپبوونی چووک، ئارەزووی سێکسکردن، و درێژیی ماوەی رەپبوونی چووک.

بۆیە خۆراکەکانیش بەپێی هەر سێ رەهەندەکەی سێکس پۆلێن دەکەین:

1-ئەو خۆراکانەی رەپبوونی چووک بەهێزدەکەن:

هەر خۆراکێک سووڕی خوێن چالاک بکات، رەپبوونی چووک بەهێزدەکات، چونکە تاوەکوو خوێن باشتر بۆ چووک بڕوات، بەهإزتر رەپدەبێت و هەر گرفتێک لە سووڕی خوێندا، کار لە رەپبوونی چووک دەکات بە پلەی جیاواز.

کۆمەڵەی پسپۆڕانی دڵ لە ئەمریکا ئەم خۆراکانە پێشنیازدەکەن بۆ چالاکبونی سووڕی خوێن:

-بڕێکی زۆر لە سەوزە و میوە
-دانەوێلەکان و سەرچاوەکانی دیکەی ریشاڵە خۆراکییەکان
-چەورییە تەندروستانەکان، وەکوو رۆنی زەیتوون و رۆنماسی
-خۆراکە دەریاییەکان، چەرەس و پاقلەمەنییەکان

2-ئەو خۆراکانەی ئارەزووی سێکس زیاددەکەن:
گرووپێک لە خۆراک هەن پییان دەگوترێ (ئافرۆدێتییەکان)، چونکە ئافرۆدێت خواوەندی خۆشەویستی بووە لەلای گریکەکان.
سەدەفی دەریا یەکێکە لەم خۆراکانە و لە مێژە مرۆڤ بۆ زیادکردنی ئارەزووی سێکس بەکاری هێناوە. دەگوترێ ئەم سوودەی سەدەفی دەریا بەهۆی هەبوونی ماددەی زینکە تێیدا.
سەرچاوەکانی دیکەی زینک بریتین لە؛ ناووکە کوولەکە، کونجی، گۆشتی سوور و خواردنە دەریاییەکانی دیکەی وەکوو رۆبیان.
ئارەزووی سێکس بە هۆکاری دیکەی ناخۆراکیش کاری لێدەکرێ، وەکوو؛ باری دەروونی، چونکە تاوەکوو گوشاری دەروونی زیاتر بێ، ئارەزووی سێکس کەمدەکات.

3-ئەو خۆراکانەی ماوەی رەپبوون درێژدەکەن:
توێژینەوە دەریخستووە ماددەگەلی فڵاڤۆنۆیدی کە بە زۆری لە میوەکاندا هەن، ئەگەری تووشبوون بە گرفتی زوو خاوبوونەوەی چووک بە راددەی 14% کەمدەکەنەوە.
سەرچاوە گرنگەکانی فڵاڤۆنۆید بریتین لە:
-توودڕک (تووڕک) و هاوپۆلەکانی
-میوە مزرەکان
-مێوژ
-سێو
-بیبەری تیژ (توون)
-کاکاو
-چا


تێبینی:

سێکس بابەتێکی فرەڕەهەندە و جگە لە خۆراک چەندین هۆکاری دیکە کاری لێدەکەن، وەکوو؛ وەرزش و چالاکی جەستەیی، هەبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکوو شەکرە، هەبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، نەخۆشییە دەروونییەکانی وەکو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و چەندین هۆکاری دیکە.

بۆیە ئەگەر وا هەستدەکەی لایەنی سێکسیت بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە لەچاو جاران و لاوازییەکەش بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامبوو، وا باشە راوێژ بە پزیشک بکەی.