د. عوسمان جەمال*
رووداو- پزیشکی تۆ
مرۆڤ بۆدەستکەوتنی خۆراک لە کۆنەوە هەڵی داوە لە رێگەی راو گۆشتی دەستکەوێت و گۆشتی سور یەکەم جۆری گۆشت بوو کە مرۆڤ توانی بەکاریبێنێت وەکو خواردن، ئەویش لەڕێگەی راوکردنی ئاژەڵی کێوی ودواتر راوکردنی ماسی.
پێکهاتەی خۆراکی 100 گرام ماسی
ماسی لە جۆرەکانی گۆشتی سپیە وسەرچاوەیەکی زۆر گرنگی خۆراکییە، ئەمەش چونکە ماسی بە هەریەکە لە پرۆتین ، ریشاڵەکان، کاربۆهایدرات، کانزا و ڤیتامینەکان دەوڵەمەندە. بەڵام بە رێژەی جیاواز، بۆ نموونە لە هەر 100 گرام ماسی بڕی 22 گرام پڕۆتین، 63 ملیگرام کۆلیستڕۆڵ، 61 ملیگرام سۆدیۆم، 384 ملیگرام پۆتاسیۆم، 205 کالۆری، 15 ملیگرام کالسیۆم و 0.3 ملیگرام ئاسنی تێدایە.
لە چ تەمەنێکدا ماسی بخورێت؟
لەبەرئەوەی ماسی رێژەیەکی باش لە ئۆمێگا سێی تێدایە کە پێیدەگوترێت چەوری سوک یان چەوری سوودبەخش، بۆیە پێویستە لەلایەن هەمووان بخورێت.
پزیشكانی خۆراکناسی دەڵێن چەوری ماسی رێژەی چەوریە زیانبەخشەکانی جەستە لە خوێندا کەمدەکاتەوە، بۆیە بەتایبەت لە دوای تەمەنی چل ساڵی زۆر گرنگە هەفتانە دوو جار ماسی بخورێت.
چۆن بتوانین ماسی تازە بناسینەوە؟
لەکاتی کڕینی ماسی پێویستە سەیری چاوی بکەین، ماسی تازە چاوەکانی زەقن و لەدەرەوی چاڵی چاون، توێکڵی دەرەوەی زۆر بریقەدارە و شلەیەکی لینجی بەسەرەوەیە لەکاتی پەستان خستنەسەر پێستەکەی، هەروەها لەکاتی پەستان بە پەنجە لە سەر ماسولکەکان دەبێت پتەو بێت و شوێن دەست چاڵ نەبێت، واتا نابێت ماسی بڵ بووبێت، هەروەک لەکاتی هەڵدڕین مەرجە کە خوێنبەربوون هەبێت لە ناوسکی ماسیەکە.
ماسی چۆن بخورێت
1. سوورکردنەوەی ماسی لە رۆندا
سوورکردنەوە بە رۆن خراپترین رێگەیە، چونکە هیچ بەهایەکی خۆراکی نامێنێت، جگە لە خواردنی رێژەیەکی زۆر رۆنی زیانبەخش و ئەگەریش هاونیشتیمانییەک هەر حەزی لە سوورەکراو بوو، ئەوا پێویستە دوای سووربوونەوە، ماسییەکە وشکبکرێتەوە لە رۆن. هەروەک باشترە ماسی سوورکردنەوەکەی سووک بێت و کەم لە رۆندا بمێنێتەوە و باشتریشە زەیتی زەیتون بەکاربێت.
2. ماسی برژاو
ئەم رێگەیە باشترە لە سوورکردنەوەی ماسی لەسەر رەژوو یان ئاگری دیکە، لەم رێگەیەدا مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە ماسییەکە زۆر نەسوتێت، بۆ ئەمەش باشترە ئاگرەکە زۆر نزیک ماسیەکە نەبێتەوە.
3. جۆرەکانی دیکە
لە جۆرەکانی دیکەی ئامادەکردنی ماسی بریرتین لە کوڵاندنی ماسی بە هەڵم کە جۆرێک تاوەی تایبەت باکاردێت، کە لە نێو بازارەکاندا هەیە و پێویستی بە رێژەیەکی زۆر کەمی رۆن هەیە.
ئەوانەی ماسی ناخۆن چی بکەن؟
ماسی جگە لەوەی بەشێوەی خۆراک و فرێش لە بازاڕەکاندا هەیە، پزیشكان بۆ جێگرتنەوەی ئەمە هەوڵیانداوە ئەوانەی ماسی ناخۆن بێبەش لە سوودەکانی نەبن و بۆیە بەشێوەی تەواوکەری خۆراکی و حەب دروستیانکردووە.
ماسی و ماست پێکەوە دەخورێن؟
خواردنی ماسی هیچ کاتێک مەترسی نییە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بەڵکو سوودی تەندروستی گرنگی هەن و ئۆمێگا سێی نێو ماسی پارێزەری دڵە.
لە کوردەواریدا وا باوە کە نابێت خواردنی ماسی و ماست یان نابێت ماسی لەگەڵ شیرەمەنییەکانی دیکەدا بخورێت، بەڵام ئەم بۆچونانە بە بڕوای پزیشكانی خۆراکناسی هیچ بنەمایەکیان نییە و ئەوە راست نییە کە دەڵێن پێکەوە خواردنیان هۆکارە بۆ بەڵەکی پێست، جگە لەوانەی کە خۆیان هەستەوەریان بە ماسی هەیە و ئەمەش شتێکی ئاساییە و بۆ زۆربەی خۆراک و خواردنەوەکان راستە کە ئەوانەی هەستەوەریان هەیە نابێ خۆراکەکە بخۆن.
ماسی پێویستە چەند بکوڵێندرێت؟
بۆ ئەوەی بزانیت ماسییەک پێویستی بە چەند کوڵاندن یان برژاندن هەیە، سەیری پارچە ماسییەکە بکە و ئەستوورترین بەشی پێوانە بکە، بەجۆرێک بۆ هەریەکەیان جیاوازە بەم شێوەیە:
یەک سانتیمەتر ئەستوور ماسی دەبێت بۆماوەی 7 خولەک سووربکرێتەوە، 7 خولەک ببرژێندرێت، کوڵاندن بە هەڵمیش 5 خولەکی پێویستە.
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەری ڤێتێرنەری لە زانکۆی سلێمانی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ